یەكێتی لەسەر هەدەپە وەڵامی پارتی دەداتەوە


لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن لەتوركیا، كاریگەرییەكانی ئەو هەڵبژارنە گەیشتە هەرێم ، بەجۆرێك جیاوازییەكانی یەكێتی و پارتی لەپشتیوانیان بۆ لایەنە ركابەرەكان گەیشتۆتە ئاستی یەكتر تۆمەتباركردن.

پاش سەردانی بەشێك لە كادرەكانی یەكێتی بۆ باكوری كوردستان، په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ زه‌رد له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، چونی‌ به‌شێك له‌كادرانی‌ یه‌كێتی بۆ باكوری‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ پشتگیریكردنی‌ پارتیی دیموكراسی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) نایاساییه‌.

لەمبارەوە ئه‌ندامێكی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، چونی‌ به‌شێك له‌كادرانیان بۆ باكوری‌ كوردستان، ته‌نیا بۆپشتگیری‌ پارتی دیموكراسی گه‌لان (هه‌ده‌په‌)یه‌، ئه‌وان به‌كارێكی‌ نایاسایی نازانن‌و وتی‌:" كادرانمان له‌دژی‌ هیچ لایه‌نێكی‌ تر نه‌چونه‌ته‌ باكوری‌ كوردستان".

گۆران ئازاد، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ ‌و ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاند، پشتگیریكردنی‌ كورد له‌هه‌رشوێنێكی‌ جیهان بێت ئه‌ركێكه‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ كورد، هاوكات چونی‌ كادرانی یه‌كێتیش بۆ باكوری‌ كوردستان، ته‌نیا بۆ پشتگیری‌ كورده‌كانه‌، له‌دژی‌ هیچ لایه‌نێك نیه‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانیان ته‌نیا به‌مه‌به‌ستی‌ چاودێریكردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌ردانی‌ باكوری‌ كوردستانیانكردووه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی‌:"ده‌بێت له‌داهاتوودا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسه‌ بده‌نه‌وه‌، كه‌ بۆچی‌ پشتگیری كوردانی‌ باكوری‌ كوردستانیان نه‌كردووه‌".



PM:02:39:23/05/2015