یەكگرتوو لەسەر شەڕەكەی نێوان پەكەكە‌ودیموكرات بەیاننامە ده‌رده‌کات

لە بەیاننامەیەكیدا مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئیدانەی ئەم شەڕە و هەر شەڕ و پێكدادانێك دەكەین لە نێوان لایەنە كوردستانیەكاندا و داواكارین لەهەردوولا دەستبەجێ پێكدادانەكە ڕاگرن و ناكۆكیەكانیان لەڕێگەی گفتوگۆ و حیوار و بەشێوازێكی ئاشتیانە چارەسەر بكەن."

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لەمەڕ پێكدادانەكەی نێوان پەكەكە و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران.


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

جەماوەری سەربەرزی كوردستان ...

حزب و لایەنە كوردستانیەكان...

لە كاتێكدا كە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لە پارچەكانی كوردستان دەرفەتی پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی بۆ ڕەخساوە و دەروازەكانی ئایندەی بەڕوودا واڵا دەكرێت و ئومێدی سەربەخۆیی كوردستانی لێدەكرێ , بۆ سودمەندبوون لەم بارودۆخە تازە و هەستیارەدا دەخوازێت حزب و لایەنە سیاسیەكان زیاتر لە جاران یەكڕیزی و یەكدەنگی و تەواوكاری یەكتر بپارێزن .

بەداخ و نیگەرانیەوە گوێبیستی پێكدادانی هێزەكانی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دەبین لەسەر خاكی نیشتمان , ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئیدانەی ئەم شەڕە و هەر شەڕ و پێكدادانێك دەكەین لە نێوان لایەنە كوردستانیەكاندا و داواكارین لەهەردوولا دەستبەجێ پێكدادانەكە ڕاگرن و ناكۆكیەكانیان لەڕێگەی گفتوگۆ و حیوار و بەشێوازێكی ئاشتیانە چارەسەر بكەن , هەتاكو دەرفەتە ڕەخساوە نوێیەكان لەدەست نەتەوەكەمان نەچێت لەڕێگەی پەرتەوازەكردنی هێز و توانا و وزەی نەتەوەییمان .

بۆیە لەم كاتەدا و جارێكی دیكە جەخت لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەینەوە بۆ لابردنی هەرجۆرە ناكۆكیەك كە پرسی نەتەوەییمان لاواز و سست دەكات .

لەكۆتاییدا , ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لای خۆمانەوە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ هەردوو لایەندا بەمەبەستی هێوركردنەوەی ئەو شەڕ و گرژییەی نێوانیان .

مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

(24/5/2015





PM:02:28:24/05/2015