بانگهێشتی سەرۆکایەتیی پەكەكە‌و دیموكرات دەكرێت بۆ پەرلەمان

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان داخ‌و سەرسوڕمانی خۆی لە شەڕ‌و پێكدادانی نێوانی پەكەكە‌و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران رادەگەیەنێت‌و داوا دەكات سەرۆكایەتی هەردوو حیزب بچنە پەرلەمان.

دەقی پەیامەكە:

پەیامێک لەپەرلەمانی کوردستانەوە

بەوپەڕی داخ و سەرسووڕمانەوە هەواڵی گرژی و پێکدادانی نیوان (پارتی کرێکارانی کوردستان وحزبی دیموکراتی کوردستان ـ ئیران)مان پێدەگات.

 بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە هۆشداریی توند دەدەینە لایەنە کوردستانییەکان، لە پەنابردن و بەکارهێنانی چەک لە یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسییەکانیان. لە کاتێکدا گه‌لی‌ کوردستان رووبەڕووی مەترسیی تیرۆر و گرژیی ناوچەیی دەبێتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە سەروبەندی گۆڕانکاریی گەورەدایە، نەوەکانی یەک نەتەوە دەست بدەنە چەک دژی یەکتری بە تاوانێکی نەتەوەیی ئەژمار دەکرێت، ئەمجۆرە دووبەرەکییانە هەڵدانەوەی تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی کوردستانە و گەلی کوردستان دووبارەبوونەوەی قبوڵ ناکات .

هەر ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی توندی ئەم رووداوانە کرا.    
لە کۆتاییدا چاوەڕوانی هیچ شتێکی دیکە لەم دوو لایەنە کوردستانییە ناکۆکە ناکەین جگە لە راگرتنی دەستبەجێی گرژییەکان و رێککەوتنی کۆتایی لەسەر کێشەکانیان. لێرەشەوە بانگهێشتی سەرۆکایەتیی هەردوو حیزب دەکەین کە بێنە پەرلەمانی کوردستان و لە ژێر چەتری نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

سه‌رۆكایه‌تی‌ پەرلەمانی کوردستان

24/ئایاری/2015

هەولێر



PM:03:01:24/05/2015