یەكێتی: ئەم شەڕە كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەكانی باكور دەبێت

پاش روودانی شەڕ‌و پێكدادان لە نێوان پەكەكە‌و دیموكرات، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەهەوڵی راگرتنی ئەو شەڕەیە‌و رایدەیگەنێت شەڕەكە زیان بە هەڵبژاردنەكانی باكور دەگەیەنێت.

لەمبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاند وەك مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای ئەو شەڕە نەخوازراوەی لەنێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رویداوە، وەك مەكتەبی سیاسی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قسەمانكردوەو هەموو لایەك نیگەران بووین بە روداوەكەو كەس تەمەننای شەڕێكی لەو شێوەیە ناكات، بۆیە دواتر وەك یەكێتی لەگەڵ پەكەكەو حزبی دیموكرات قسەمان كردەوەو ئاگادارمان كردونەتەوە بەزوترین كات شەڕەكە رابگرن و لەڕێی ئاشتیانەوە بارودۆخەكە چارەسەر بكەن.

وتیشی: وەك یەكێتی پەیوەندیمان بەهەموو لایەنەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستانەوە كردوە.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد كە هەرێمی كوردستان لەشەڕی داعشدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوەو وەختی ئەوەیە خەڵكی كوردستان بەئارامی بژی، كەسیش تەمەننای ئەوە ناكات شەڕ لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا روبدات، جگە لەوەش لەتوركیا هەڵبژاردن لەپێشەو چاوەڕێی سەركەوتنی كوردانی باكورین لەو هەڵبژاردنەدا، ئەم شەڕەش لەمكاتەدا كاریگەری لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی باكور دەبێت.



PM:05:39:24/05/2015