بارزانی: ڕێگە نادەین كوردستان ببێتە شوێنی تەسفیەی حساباتی سیاسیی

لەسەر شەڕ‌و گڕژی نێوان پارتی كرێكارانی كوردیتان‌و  حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران مەسعود بارزانی سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو شەڕ و بارگرژییە دەكەم كە ڕۆژی 24ـی 5ـی 2015 لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا ڕووی داوە. داوا لە هەر دوو لا دەكەین كە دان بەخۆدابگرن و كێشەكان قووڵتر نەكەن و نەبنە هۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی بارگرژیی نێوانیان و كێشەكانیان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەییشتن چارەسەر بكەن.

شەڕی خۆكوژی زیانی گشت لایەكی تێدایە و كەسیش لەم شەڕەدا سەركەوتوو نابێت. نە لە ئاستی حزبی و نە لە ئاستی نەتەوەیی هیچ بەرژەوەندییەك لە گرژی و شەڕی خۆكوژیدا نییە. پێشتر ڕامگەیاندووە كە دەبێ بە هەموو شێوەیەك شەڕی خۆكوژی تەحریم بكرێت و ئێستایش بە هەمان شێوە دووبارەی دەكەمەوە كە نابێ شەڕی خۆكوژی هەبێت و خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت. پێویستە لایەنەكان لە ئاستی بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی بن. هەر جۆرە شەڕ و پێكدانانی نێوان لایەنە كوردییەكان زیان لە پێگە و ناوبانگی گەلی كوردستان دەدات و ئاسوودەیی و هیوای خەڵكی كوردستانیش تێكدەدات.

بە گشت لایەكیش ڕادەگەیێنین كە ڕێگە نادەین گۆڕەپانی كوردستان ببێتە شوێنی تەسفیەی حساباتی سیاسیی لایەنەكان لەگەڵ یەكتر. پێویستیشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی بارگرژیی نێوان ئەم دوو لایەنە.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

25ـی 5ـی 2015



PM:03:13:25/05/2015