سەرۆکی پەرلەمان: بەم شێوە مەرکەزییە عێراق بەڕێوە ناچێت

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، دەڵێت "هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنێکی ئارام بۆ ئاوارەی شارەکانی تری عێراق، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ناوەندی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیووە و ئامادە نییە پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکات."

 نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢ شەممە، ٢٥ ئایار، (یان کوبیش-jan kuish) نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بە یاوەری سکۆڵ کۆندی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازیکران.

 لە کۆبونەوەیەکدا، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە گیانێکی بەرزی مرۆییەوە هاوکاری ئاوارەکان دەکات، سەرەڕای کێشە و قەیرانی دارایی، دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد، کە زۆر قارەمانانە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش دەکەن، دەبێت نەک حکومەتی ناوەندی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سوپاسی ئەو ئازایەتییەی پێشمەرگە بکەن.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەتایبەتیش لە ڕووی ئابورییەوە، هیواداری نەتەوەیەکگرتووەکان لەم ڕووەوە هاوکارمان بن بۆ چارەسەری گرفتەکان."

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان، وتی "ڕووداوەکانی ئەم ماوەیەی عێراق، ئاماژەی ئەوەیان پێداین کە ئەم شێوازە مەرکەزییە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شکستخواردووە، پێویستە بەدوای شێوازێکی تری فەرمانڕەوایدا بگەڕێین.



PM:03:40:25/05/2015