عادل موراد: دڵسۆزانی یەكێتی نابێت تەكتول بكەن

‌عادل موراد
سەرۆكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆچوونی خۆی لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی دەخاتەڕوو دەڵێت دڵسۆزانی یەكێتی نابێت تەكتول بكەن.

عادل موراد، ئەندامی دەستەی دەمەزرێنەری یەكێتی و سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی، لەیادی 40 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی ناوەندی سەبارەت بە بۆچوونی  خۆی‌و ئەنجومەنی ناوەند لەسەر كێشەكانی ناو سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: رای ئەنجومەنی ناوەندی و خۆشم بەوشێوەیە كە پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی زەرورەتێكی حەتمیە و بەبێ پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی ئێمە هەمومان دەبینە قسەوقەسلۆكی ئەحزابەكانی تر، پێویستە كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكرێن دەبێت دڵسۆزانی یەكێتی تەكەتول نەكەن، یەكێتی خەباتی لە پێناوی خەڵكدا كردوە نەوەك شەخس، یەكەم حزب بوین كە ئاڵای شۆرشگێریمان هەڵگرتوە ، ئێمە بەڵێنمان بەخەڵكدا كە شۆرش بكەین و خەڵك رزگاری ببێ لە زوڵم و لە ناعەدالەتی، بەڵام ئێستا خەڵك بەو دەردانەوە دەناڵێنن ، دەبێ شۆرشگێرانە بەخۆماندا بچینەوە ، لەخۆشمان بپرسین بۆچی هەندێك كەس لەناو یەكێتیدا ناتەبیعیانە دەوڵەمەندبوون خۆ دەبێت حساب و كتابێك هەبێ كە فڵان كەس لە سەردەمی شاخ و لە پێش راپەرین چی هەبوو ئێستا چی هەیە ؟ چۆن ئەم پارانەی كۆكردەوە ئەم سەروەت و سامانەی بەچی بەدەست هێنا ، كوا دادپەروەری كۆمەڵایەتی، ئەم كارە هەروا ئاسان نیە زۆر زەحمەتە بەڵام دەبێ كاری لەسەر بكەین.

سەبارەت بەوەی كە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بەكوێ دەگەن، عادل موراد دەڵێت:  چارەسەركردنی كێشەكان پێویستی بە لەخۆبردویی هەیە، دەبێت كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دەستپێبكەنەوە ، لە كۆبونەوەكاندا چارەسەری كێشەكان دەكرێت، بۆنمونە هەمومانگێك ئەنجومەنەكەی ئێمە كۆدەبێتەوە گفتوگۆ لەبارەی بابەتە گرنگەكانەوە دەكەین و دەیخەینە دەنگدانەوە بەزۆرینەی دەنگ پەسەند دەكرێت یان دەنگ ناهێنێت و پەسەند ناكرێت .



PM:03:55:01/06/2015