خەندان: نەفرۆشراوەو خۆرێکخستنەوە ئەنجام دەدەین

لەکاتێکدا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە دوو کڕیار: گرووپێکی تۆڕی رووداو بە ٢٠٠ هەزار دۆلارو رۆژنامەنووسێکی ئەهلیش بە ٥٠٠ هەزار دۆلار دەیانەوێت خەندان بکڕن، ماڵپەڕەکە ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوەو دەڵێن" نایفرۆشین".

لە دوێنێوە ژمارەیەک ماڵپەڕی کوردی هەواڵی فرۆشتنی ماڵپەڕی خەندانیان بڵاوکردەوە کە بەپڕ خوێنەرترین ماڵپەڕ لە عێراقدا هەژمار دەکرێت، یەکێک لەو هەواڵانە باس لەوە دەکات کە دوو رۆژنامەنووسی رووداو دەیانەوێت بە بڕی ٢٠٠ دووسەد هەزار دۆلار ئەو ماڵپەڕە بکڕن، هەندێک ماڵپەڕی تریش لەگەڵ ناوهێنانی ئەمەدا باس لە "رۆژنامەنووسێکی ئەهلی " دەکەن کە دەیەوێت خەندان بە ٥٠٠ هەزار دۆلار واتە( نیو ملیۆن)دۆلار لە بەرهەم ساڵح بکڕن، بەڵام ئەمڕۆ ٦/٣ خەندان ئەو هەواڵەی رەتکردەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە "نایفرۆشن".
خەندان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو هەواڵانە راستنین و خەندان خۆی رێکدەخاتەوە.

دەقی روونکردنەوەکەی خەندان:

لە هەندێك ماڵپەڕ و تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەنگۆ و هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە گوایە سایتی خەندان فرۆشراوە، بەدوای ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆر لە هاوكاران و دۆستان و خوێنەرانی سایتی خەندان لەڕێگای هەواڵپرسین و بەدواداچوونەوە داوای زانیارییان كردووە.
 
ئێمە لە دامەزراوەی خەندان دەمانەوێت ئەو راستییە بە هەموو لایەك بڵێین كە سایتی خەندان نەفرۆشراوە و ناشفرۆشرێت. ئەو هەواڵانەشی لەو بارەیەوە بڵاوكراونەتەوە هەموویان نادروستن و تەنیا دەنگۆن.

هەموو لایەك ئەو راستییە دەزانن خەندان یەكەم سایتی كوردی هەواڵییە لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە توانیویەتی راستگۆیانە هەواڵ و زانیارییەكان بۆ خوێنەرانی بگوازێتەوە.

خەندان لەماوەی ساڵانی كاركردنیدا خزمەتی بەرچاوی كردووە و توانیویەتی ژانرێكی رۆژنامەوانی پرۆفیشناڵ بێت و خزمەتی بەرچاوی بەخوێنەرانی كردووە.
ئەوەی هەیە و بەشێوەی ناڕاست بڵاوكراوەتەوە بریتییە لەوەی لەچوارچێوەی كار و خۆڕێكخستنەوەیدا، دامەزراوەی خەندان گۆڕانكاریی ئیداری دەكات و دەیەوێت بەشێوازێكی نوێتر كارەكانی پەرە پێبدات، ئەوەش بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە خەندان و هەموو دامەزراوە میدیاییەكان كردووە. 

هەر ئاڵوگۆڕێك كە خەندان بیكات لەپێناو پێشخستن و رێكخستنەوەی سەرچاوەكانی داهات و داراییەتی و ئامانج لێی بەگەڕخستنەوەیەتی لە خودی پرۆژەكەدا.

خەندان بەردەوامە لە خزمەتكردنی زیاتر بە خوێنەرانی و داواش لە خوێنەرانی دەكات كە بە دڵسۆزییەكەی جارانەوە هاوكاری سەركەوتنی كاروانی رۆژنامەوانی خەندان بن و بەو دەنگۆیانە دڵیان سارد نەبێتەوە.

هەروەكو دەیبینن سەرەتای گۆڕانكارییەكان بۆ باشتركردنی خەندان لە گۆڕینی دیزاینی سایتەوەكەوە دەستیپێكردووە و پشت بەخوا و دڵسۆزیی كارمەند و رۆژنامەنووس و خوێنەرانی بەڕێزی لە پێشكەشكردنی زانیاری دروست و هەواڵ و روماڵكردنی پرس و بابەتە چارەنووسسازەكان بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ رێز و سوپاسدا

دامەزراوەی خەندان







PM:02:44:03/06/2015