نێچیرڤان بارزانی: چیتر غەدرو بێبەشکردن قبوڵ ناکەین

لە پلاتفۆرمی سلێمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەئامادەبوونی سەرجەم پارێزگارەکانی عێراق، رایگەیاند" چیتر غەدرو بێبەشکردن و قبوڵ ناکەین"، هاوکات بەڵێنی دا کە ئابوری کوردستان سەرلەنوێ دەبوژێتەوە.

لە پلاتفۆرمی شاری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێمی کردو وتی " ناردنی بوودجەی مانگی نیسان بەو رێژە کەمەو دواتر بڕینی ١٠% بە بڕیاری سەرۆک وەزیران بەبێ تەوافق، عەقڵیەتێکی مەترسیدارە، نابێت لە حکومەتی تەوافقدا بەم شێوەیە بڕیار بدرێت".

سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا وتی" حکومەتی بەغدا غەدری لە هەرێم کردووە لە ناردنی بودجەی هەرێم کە دوای پابەندی هەرێم بەڕێککەوتنی نێوان هەردوولا و یاسای بودجەی ٢٠١٥ەوە، دەبوایە بەغدا مانگانە ١ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت. هەروەها لەپرسی پێشمەرگەدا بەهەمان شێوە غەدرمان لێکراوە، هەتا لەبەشداری لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتیەکانی پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە، سەرۆکی حکومەت عەبادی ئامادە نییە نوێنەرێکی حکومەتی هەرێمیش لەگەڵ خۆیدا بەرێت".

نێچیرڤان بارزانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەشداربووانی دڵنیا کردەوە کە باری ئابوری هەرێم سەرلەنوێ دەبووژێتەوە.

ئەمڕۆ ٦/٧ پلاتفۆرمی سلێمانی بەمەبەستی پەرەدان بە ئابوری و کەلتووری نێوان پارێزگاکانی عێراق و بەبەشداری چەندنین بەرپرسی عێراقی و کوردستانی و سەرجەم پارێزگارەکانی عێراق دەستی بە کۆبوونەوەکانی کردو وا بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.   



PM:12:03:07/06/2015