بەرپرسێکی شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند ٢٣٠٠ حاڵەتی ئایدز لەو شارەدا تۆمارکراوە.
ئاژانسی ئیسنای ئیرانی لەزاری عەلی کەماسی بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای کرماشان بڵاویکردەوە: لەساڵانی رابردوودا لە کرماشان ٣٥٠٠ حاڵەتی نەخۆشی ئایدز تۆمارکرا بوو، ١٢٠٠ یان مردوون و ٢٣٠٠ کەسیان لەژیاندا ماون.
بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسە لە پێشدا ٩٥% ئەو حاڵەتانە ئەو کەسانەبوون کە ئالودەی مادە بێهۆشکەرەکان بوون و لە ڕێگای کوتانەوە نەخۆشیەکەیان بۆ خەڵكی نوێ دەگوازرایەوە، بەڵام لە ئێستادا لە ٣٥% لەڕێگای سێکسەوە نەخۆشیەکەیان بۆ گوزراوەتەوە.
بەپێی تۆماری نوێ، ساڵانە ٩٠-١١٠ نەخۆش بەڤایرۆسی ئایدز لەو شارە تۆمار دەکرێت.
کەماسی دەڵێت لە ٣٠% ئەو کەسانەی تووشبوون ئافرەتن کە لەڕێگای مێردەکانیانەوە بۆیان گوازراوەتەوە.
ساڵێ ١٩٩٤ یەکەم حاڵەتی ئایدز لە کرماشان تۆمارکرا.