پارتی: بارزانی ده‌توانێت خۆی كاندید بكاته‌وه


فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ره‌تی ده‌كاته‌وه‌، ده‌ستنیشانكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ڵامی لایه‌نه‌كانی دیکە بێت. جێگری سەرۆكی فراكسیۆنیش پێیوایە بارزانی دەتوانێت خۆی كاندید بكاتەوە.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامینە زكری لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت تا ئێستا فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان، كۆكن لەسەر ئەوەی كە سازان و گفتوگۆ لەنێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەماندا هەبێت بۆ ئەوەی پرسەكان بە رێكنەوتن تێپەڕنێریت و هیچ تەنگەژەیەك دروست نەبێت.

ئامینە زكری باسی لەوەشكرد پرۆژەی فراكسیۆنی گۆڕان سەبارەت بە پرسی سیستەمی سیاسی و سەرۆكایەتی هەرێم دەستپێكی شكستهێنان بوو بە سازان لەنێوان لایەنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان.

ئەو بۆ ئانادۆڵو گوتی: "نەدەبوایە جەنابی سەرۆكی پەرلەمان، یوسف محەمەد پڕۆژەی بزووتنەوەی گۆڕانی بهێنابایەتە ناو پەرلەمان چونكە ئێمە هەموو فراكسیۆنەكان لەسەر ئەوە كۆك بووین، كە سازان لەسەر پرسەكان هەبێت".

دوێنێ‌ شەممە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم فوئاد حوسێن رایگەیاند "مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەمواركراو بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 91 ی ساڵی٢٠١٥بڕیاریدا هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت لە ڕۆژی20ی ئابی 2015".

دوا بەدوای ئەو راگەیەنراوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا ئەمرۆ سەعات 11 لەسەر ئەو پرسە كۆببێتەوە، بۆ ئەوەی وەڵامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بدەنەوە، كە ئایا دەتوانن ئامادەكاری بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یاخوود نا.

سەبارەت بەو بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئامینە زكری دەڵێت: "جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەركی یاسایی خۆی جێبەجێ كردووە، لە ئێستادا كۆمسیۆنی سەرپشك كردووە ئایا دەتوانن رێكار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكەن یاخود نا ئەوە دەبێت كۆمسیۆن وەڵامم بداتەوە".

جێگری فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، رەتی كردەوە، ئەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێم مەسعود بارزانی وەك وەڵام و پەرجەكردابێت بۆ لایەنەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان.

ئامینە زكری گوتی: "جەنابی سەرۆكی هەرێم ئەركی یاسای خۆی جێبەجێ كردووە، خۆ ئەگەر داوای هەڵبژاردنی نەكردابایە بێگومان هەندێ لایەن دەیانوت بۆچی بارزانی بەئەركی خۆی هەڵناسێت دیارە نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت".

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان كە حزبەكەی 38 كورسی هەیە و یەكەمی براوەی هەڵبژاردنن لەخولی چواری پەرلەمانی كوردستان، باسیش لەوەدەكات، فراكسیۆنەكەیان ئامادەیە بۆ سازان لەگەڵ لایەنەكان، بۆ ئەوەی وەك ئامینە زكری گوتی:"بۆشایی یاسای یان هیچ ناكۆكیەك لە هەرێمی كوردستان، سەر هەڵنەدات ببێتەهۆی زیان بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری بارودۆخی سیاسی لە كوردستان، چونكە لە ئێستادا هەرێم رووبەڕووی شەڕی داعش بۆتەوە، هەروەها قەیرانی دارایش باڵی كێشاوە بەسەر تەواوی جومگەكانی دەسەڵات و كۆمەڵگاش".

ئامینە گوتیشی: "هەر پرسێكی سیاسی لە كوردستان، ئەگەر بمانەوێت یەكلای ببێتەوە پێویستی بە سازان هەیە ئەوەش دەبێت لەنێوان لایەنەكانی سیاسیدا یەكلای ببێتەوە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان توانی هەڵبژان ئەنجامدات، مەسعود بارزانی دەتوانێت بۆ جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە. لەوەڵامدا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گوتی "ئەم بابەتە دوو رووی هەیە لە بارەی یاساییەوە بەشێكی دەتگوترێت بارزانی ناتوانێت خۆی كاندید بكاتەوە، چونكە ئەو دوو خولە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە".

بەدیدی ئامینە زكری ، مەسعود بارزانی دەتوانێت خۆی كاندید بكاتەوە. چونكە جارێك لە پەرلەمان هەڵبژێردراوە و جارێكی دیكەش لە لایەن هاووڵاتییانەوە.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد گوتی: "بۆیە دەڵێم جەنابی سەرۆك بارزانی دەتوانێت بۆ جارێكی دیكە خۆی كاندد بكاتەوە، چونكە ئەو یەك خول بە دەنگدانی هاووڵاتییان هەڵبژردراوە، بۆیە بە بۆچوونی من لەڕووی یاسایشەوە حەنابی سەرۆك دەتوانێت خۆی كاندید بكاتەوە، لەبەر ئەوەی خولی سەرۆكایەتی پێشووی لە پەرلەمانی كوردستان بووە".



PM:03:14:14/06/2015