ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی پاش بێدەنگییەکی زۆر لەوتارێکدا دەڵێت: ناكۆكی حیزبە سیاسیەكان لە ئاستێكی وادایە كە لەباربردنی هەموو دەستكەوتەكان و سەروەرییەكانی گەل و دوبارە دابەشبوونەوەی هەرێم لە دۆخەكەوە بەدوور نابینرێ.
لەو وتارەدا سەلاحەدین بەهادین زۆر نیگەرانە لە وەزعی کوردستان و مەترسی گەورەی هەیە لە تێکچوونی ئەو وەزعەو دەڵێت: بە بۆچوون و خوێندنەوەی بەندە پرسی سەرۆکایەتی هەرێـم (لوغم)ە نەك (باڵۆن)ی سیاسی، تەحەمولی یاری پێكردن و مناوەرە لەسەر كردن ناكات، بەڵێ لوغمەو دەبێ بەشێوەیەكی هەندەسی چارەسەر بكرێ، ئەگەرنا ئەگەری تەقینەوەی تێكدەرانەو خولقاندنی دۆخێكی نەخوازراوی هەیە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخەش سەلاحەدین بەهادین دەڵێت: لەبەر خاتری خوداو خەڵكی ستەمدیدەو فیداكاری كوردستان و وەفای خوێنی شەهیدان و فرمێسكی بێنازانی ئەم گەلە لێقەوماوە، كە ئێوە بەرپرسن لە چارەنوسی ئەمڕۆ و ئاییندەی، بەرپرسانە لیژنەیەكی بڕیار بەدەست و راسپێردراو لە هەر پێنج حیزبەكە پێك بهێنن و بەخێرایی ئەم پرسە یەكلایی بكەنەوە.