بارزانی: کۆبوونەوەکەی پەرلەمان مەترسیەو دژی سازدان بوو

بارزانی پێیوایە کۆبوونەوەی ٦/٢٣ی پەرلەمان مەترسییە لەسەر بنەما و پڕەنسیپی تەوافوق و سازان.

دەقی پەیامەکە

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئێوەی خۆشەویست ڕادەگەیێنم كە، بەر لە دوو ساڵ، بە نامەیەك بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، داوام لێ كردن كە لەگەڵ حزبەكاندا مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم بە تەفاهوم یەكلایی بكەنەوە. پێش چەند مانگێكیش هەمدیسان لەگەڵ حزبەكان دانیشتم و داوام لێ كردن زوو چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە.

لەماوەی ڕابردوودا هەموو كارە سەرەكییەكانم لە ڕێگەی تەوافوق و ڕاوەرگرتن ئەنجام داوە و ڕێزیشم لە سازان و ڕێككەوتنی لایەنەكان لەناو خۆیاندا گرتووە و یارمەتیم داون ئەو سازانەیان شێوەیەكی یاسایی وەربگرێت. یاسای ژمارە 4ـی 2015ـی پەرلەمان بۆ ئامادەكردنی دەستوور، وێڕای ئەوەی كە تێبینیمان لەسەری هەبوو، لەبەر بەرژەوەندیی وڵات و پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان ئیمزام كرد. پێشتریش ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە بە كۆدەنگیی لایەنەكان و دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەند كرابوو، هەر لەپێناو سازان و ڕێكەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەكان و پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان نەخرایە ریفراندۆم.

ئەوەی رۆژی 23/6/2015 لە پەرلەمان ڕوویدا، مەترسییە لەسەر بنەما و پڕەنسیپی تەوافوق و سازان، ئەو بنەمایەی كە خودی سەرۆكایەتیی پەڕلەمان و كابینەی هەشتەم لەسەری دامەزراون. ئێستاش، لەبەر بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەكەمان داوا لە حزبەكان دەكەم، دوور لە بەرژەوەندیی حزبیی تەسك و، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات و، هەروەها ڕەچاوكردنی هەلومەرجی ناسك و هەستیاری ئێستا كە وڵاتمان پێیدا تێدەپەڕێت، بگەڕێنەوە بۆ پڕەنسیپی تەوافوق و سازان. چونكە تەنیا بە سازان، پرسە نیشتیمانی و سەرەكییەكان بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمیشەوە قابیلی چارەسەرن.

كوردستان بەرەو قۆناغێكی زۆر جیاواز و گرنگ دەڕوات. ئەمڕۆ زیاتر لەهەموو كات پێویستیمان به یەكڕیزیی و‌ رێككەوتن و سازانە. ئەوەی لەڕووی یاساییەوە پێویستە، من لەلای خۆمەوە كردوومە. ئەركێكی نیشتمانی دەكەوێتە سەر هەموو لایەنەكان تا پێش 20/8 بگەنە ئەنجامێك كە، دەتوانن بە سازان ڕێكبكەون. ئەگەریش لایەنەكان بەپێی پڕەنسیپی تەوافوق و سازان نەجووڵانەوە، ئەوكات منیش هەڵوێستی خۆم ڕادەگەیێنم.

هاوكات، داوا لە پەرلەمانتاران و حكوومەت و حزبە سیاسییەكان دەكەم بە قووڵیی بیر لە چارەسەركردنی قەیرانە داراییەكان و شەڕی داعش و پرسی ژیان و بژێویی خەڵك، بەتایبەتیی پێشمەرگەكان بكەنەوە و بایەخی شایستەی پێ بدەن.

مەسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان




PM:08:43:29/06/2015