کێشەیەک لەناو لیژنەی دەستوردا دەتەقێتەوە

لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕی ئەوە دەکەن لەسەر سیستەمی سیاسی هەرێم کێشەی گەورە لەنێوان پارتی و لایەنەکانی تردا دروستبێت، بەڵام پێشوەخت کێشەیەکی تر لەنێوان لایەنە ئیسلامییەکان‌و لایەنەکانی تردا تەقیەوە، ئەویش مامەڵە کردنە لەگەڵ ئاینی ئیسلامدا.

شوان قەلادزێی پەرلەمانتاری بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ئاشکرای کرد هەموو لایەنەکانی بەشداربووی لیژنەی دەستوری هەرێم جگە لە دوو لایەنە ئیسلامییەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئاینی ئیسلام یەکێک بێت لەسەرچاوەکانی یاسا دانان و، وتی: لەکاتێکدا ئێمە ئەوە زۆر بەتوندی رەتدەکەینەوەو دەبێت وەک عێراق ئاینی ئیسلام و ئەحکامە جێگیرەکانی سەرچاوەی سەرەکی یاسا دانان بن.

شوان قەڵادزێی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەر کارەکانی لیژنە بەو ئاراستەیە بڕوات ئاینی ئیسلام بکرێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسادانان، پێویستە هەردوو لایەنی ئیسلامی کارەکانیان لەو لیژنەیە هەڵپەسێرن.

لایەنەکانی تر، پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێیانوایە کە دەبێت ئاینی ئیسلام یەکێک بێت لە سەرچاوەکانی یاسا دانان،" چونکە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سروشتی هێزەکانی هەرێم جیاوازن لە عێراق و زۆر شوێنی تری ناوچەکە".

چاودێران پێیانوایە ئەم کێشەیە درێژە دەکێشێت و ئیسلامییەکان هەروا زوو دەستبەرداری ئەو پرنسیپەی خۆیان نابن.



AM:11:57:30/06/2015