سەرۆکی پەرلەمان: مەسەلەی سەرۆکایەتی گرنگترین گرفتە

ئەمڕۆ ٣ شەممە، لە دانیشتنی کۆتایی خولی به‌هاره‌ له‌ خولــی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی کوردستان، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وتەیەک سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی ئەم خولەی پەرلەمان و ڕووداوەکانی کوردستان و قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان لەسازان و لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان  پێشکەشکرد.

لە بارەی ڕۆڵی پەرلەمان، لە قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی " یەکێک لە گرنگرترین ئەو کێشانەی  لە ئێستادا روبوڕووی پرۆسەی سیاسی بوەتەوە، مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، هەربۆیە لە سەرەتای ئەم خولەوە بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە، هەوڵی تەواوماندا بە شێوەی سازان و دور لە ململانێ ئەم مەسەلەیە لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەتمان کرد."

لەبارەی جیاوازی لایەنەکانیش، سەرۆکی پەرلەمان وتی " دەبێ بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە جیاوازیەکانمان بکەینە هەوێنی پتەوکردنی دیموکراسی و سازان لەچوارچێوەی پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی وحوکمی یاسا ناکۆکیەکانمان بەڕێوەبەرین و جیاوازییەکان نەکەینە خاڵی لێکترازان و ململانێی نادروست."

لەبارەی سازانی لایەنە سیاسییەکانیش لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان وتی "بەشێک لە هێزە سیاسیەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەو مەسەلەیەدا رای جیاوازیان هەبوو، ئەمەش لە دیموکراسیەتدا حاڵەتێکی ئاساییە، بەڵام هەلومەرجی هەرێم و ئەو دۆخە نالەبارەی ناوچەکە، دەخوازێت لەو مەسەلە گرنگ و هەستیارەدا لەچوارچێوەی یاساداو دور لە بەرژەوەندی حیزبی ئەم مەسەلەیەش چارسەر بکرێت و بەرژەوەندی کوردستان بخرێتە سەر هەموو بەرژەوەندییەکەوە، لە رێگەی گفتوگۆو و سازانەوە بە جۆرێک کە هەمو لایەک تێدا براوە بێت، مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمیش چارەسەر بکرێت."



PM:10:14:30/06/2015