قورسترین شەڕ لەعەین عیسی بەڕێوە دەچێت

شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە بەپاڵپشتی فرۆکەکانی هاوپەیمانان لە عەین عیسی کە دوێنێ داعش کۆنترۆڵی کردەوە لە پێشڕەویدان و شەڕێکی زۆر قورس دەگوزەرێت و نەخۆشخانەکانی شاری رەقە پڕبوون لە کوژراو برینداری داعش.

روانگەی مافی مرۆڤی سوری رایگەیاند شەڕڤانان هێرشێکی زۆر توندیان کردۆتە سەر چەکدارانی داعش لە عین عیسی و فرۆکەکانی هاوپەیمانان بە خەستی بۆردومانی بنکەکانی داعش لەو شارە دەکەن.

ئەو رێکخراوە کە هەواڵەکانی سوریا بە سەربەخۆیانە بڵاودەکاتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەدەیان لاشەی کوژراوی داعش کەوتوونەتە دەست شەڕڤانان و بەدەیانی تر گواستراونەتەوە بۆ شاری رەقە و تا ئێستا ٧٨ چەکداری داعش کوژراون.

دوێنێ چەکدارانی داعش پەلاماری سرینیان لەباشوری کوبانێ دا تا دەگاتە عەین عیسی و رۆژئاوای شاخی عەبدولعەیزیز لەباشوری شاری حەسەکەو لەو نێوەدا توانیان چەندین گوند کۆنترۆڵبکەن، بەڵام ئەمڕۆ دژە هێرش لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگەوە دەستی پێکردو ١٠ گوند سەرلەنوێ ئازادکرایەوە کە دەکەونە سنوری پارێزگای رەقە، هاوکات شاری شرکراکیشیان ئازاد کرد.

بەیانی ئەمرۆش شەڕڤانان لە رۆژئاواوە چوونەوە نێو شاری عەین عیسی و ئێستا شەڕێکی قورس کەوێ دەگوزەرێت و لاشەی ٣٢ چەکداری داعش لەژێر دەستی یەپەگەدایەو شەڕ بەقورسی بەردەوامە.



PM:05:21:07/07/2015