عومەر شەریف بە مەسیحی لەدایك بوو، بە موسڵمانی ژیا و بە جولەكەی مرد

ڕۆژی هەینی ئەستێرەی بەناوبانگی میسر و جیهانی بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد.

عومەر شەریف لەیەكێك لە نەخۆشخانە دەرونییەكانی میسر لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشی دڵ كۆچی دوای دەكات، هەروەها ماوەیەك بوو توشی نەخۆشی زەهایمەر بوو بەهۆشیەوە باری تەندروستی زۆر خراپ بوو.

ئەو ئەكتەرە ناوی ڕاستەقینەی میشێل شەلهوبە و ساڵی 1932 لە خێزانێكی مەسیحی لە ئەسكەندەریە لەدایك بووە، سەرەتای كاری هونەریشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو كە بە دەرهێنەری گەورەی میسری یوسف شاهین ئاشنا دەبێت و لە فیلمی (صراع في الوادي) ڕۆڵی سەرەكی دەداتێ لەگەڵ ئەستێرەی گەورەی میسری فاتن حمامە؟، ئەمەش شەریف دەكاتە خاوەن ناوبانگێكی زۆر.

پاش ئەو فیلمە پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوان عومەر شەریف و فاتن حەمامە دروست دەبێت و ساڵی 1955 ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنن و شەریف بەهۆی حەمامەوە دەبێتە موسڵمان، پاشان دەبنە خاوەنی كوڕێك بەناوی تاریق، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی حەفتاكان بەهۆی چەند كێشەیەكەوە جیادەبنەوە، بەڵام خۆشەویستی فاتن لە دڵی عومەر شەریفدا تا مردنی دەمێنێتەوە، بەجۆرێك پەیوەندی خۆشەویستی ئەو دوو ئەكتەرە بە گەورەترین چیرۆكەكانی خۆشەویستی دادەنرێت لە مێژووی سینەمای عەرەبیدا.

عومەر شەریف بەهۆی ڕۆڵبینینی لە فیلمی لۆرانسی عەرەب لە ساڵی 1962 بەرەو جیهانی بوون هەنگا و دەنێت و دەبێت یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی هۆڵیود چەندین فیلمی دیكەشی بە دوای ئەو فیلمەدا تۆمار دەكات، ئەمەش دەیكاتە پاڵێوڕاوی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار، هەورەها سێ جار خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و جارێكیش خەڵاتی سیزەر دەباتەوە.

ئەم ئەكتەرە یەكێك بووە لەو كەسانەی پاڵێوراوە بۆ بینین ڕۆڵی مستەفا بارزانی لە فیلمێكی سینەمایدا، بۆ ئەمەش چەند دانیشتنێكی لەگەڵ ئاوازدانەر كورد هەڵكەوت زاهیر ئەنجامدراوە.

عومەر شەریف لەم ساڵانەی دوایدا لە چەند فیلمی و درامایەكدا ڕۆڵی گێڕاوە وەك میوانی شەرەف دەركەوتووە كە دیارترینیان فیلمی (حسن و مرقص) بووە لەگەڵ ئەستێرەی كۆمیدی عادل ئیمام، ئاماژە بەوەش دەکڕێت کە لەم ساڵانەدا بۆتە جولەکە بەڵام ئەم هەواڵە لەلایەن کەسە نزیکەکانیەوە پشت ڕاست نەکراوەتەوە.

دوای كۆچی دوای ئەكتەری میسری ئەحمەد ڕەمزی كە هاوڕێی نزیكی سەریف بووە، هەورەها كۆچی دوایی فاتن حەمامەی خۆشەویستی ژیانی، باری تەندروستی بەتەواوی تێكدەچێت تا لە 10ی تەموزی 2015 كۆچی دوایی دەكات.



PM:05:17:11/07/2015