بارزانی هەڕەشە لەوانە دەکات داوای دوو ئیدارەیی دەکەن

بارزانی هەڕەشە لەوانە دەکات باسی دوو ئیدارەیی دەکەن و دەڵێت: کەس ناتوانێ هەرێمی کوردستان لەت بکات و ئەوەی بە یەک ئیدارەیی و یەکگرتنەوەی کوردستان قایل نییە ئازادە لەوەی شوێنێکی تر بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت.

بارزانی ئەمڕۆ شەممە ١٨ـی٧ـی٢٠١٥،  لە دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە و ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی داعش، سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلە، میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، میحوەری باشیک، میحوەری خازر و بەنداوی موسڵ، بەسەر کردەوە.

بارزانی لەمیانەی قسەکانیدا بۆ پێشمەرگە وتی : کەس ناتوانێ هەرێمی کوردستان لەت بکات و ئەوەی بە یەک ئیدارەیی و یەکگرتنەوەی کوردستان قایل نییە ئازادە لەوەی شوێنێکی تر بۆ ژیانی خۆی هەڵبژێرێت.

لەدرێژەی قسەکانیدا وتیشی: زۆر سەیرە لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین بۆ کورد ڕەخساوە بۆ سەرکەوتن بەرەو لوتکە، کەسانێک هەبن باسی دوو ئیدارەیی بکەنەوە، دڵنیاشم خەڵکی کوردستان وەڵامی ئەوانە دەداتەوە.

بارزانی هەروەها داوای لەهێزی پێشمەرگە کرد بەوریاییەوە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی کوردستان جێبەجێ بکەن و نابێ ململانێی حزبەکان کاریگەریی لەسەر پێشمەرگە هەبێت، چونکە بوونی ململانێی سیاسی لەناو لایەنەکان ئاساییە و ئەو ململانییە هەرچۆنێک بێت قسەی کۆتایی بۆ گەل دەبێت.





PM:10:08:18/07/2015