خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە دابەشکرا

لەساڵیادی تێپەربونی حەوت ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی، شەهیدی قەڵەم، سۆرانی مامە حەمە خەڵاتی رێزلێنانی ئەو شەهیدە درا بەپەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان‌و مامۆستایەکی زانکۆ لەبواری میدیادا. 

کاتژمێر پێنجی سەرلەئێوارەی ئەمرۆ لەشاری سلێمانی خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری دابەشکرا‌و درا بەهەریەکە لە عەبدوڵا مەلا نوری، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان‌و سامان فەوزی پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق‌و مامۆستای بەشی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی. 

هەر لەم مەراسیمەدا کۆمەڵێک وتاری میدیایی‌و کەسایەتی سیاسیەکانی تێدا خوێنراوە‌و هەموویان جەختیان لەسەر فراوانکردنی ئازادی بیرو راو ئازادی راگەیاندن‌و بەسزاگەیاندنی بکوژانی شەهیدانی قەڵەم (سۆران مامە حەمە، سەردەشت عوسمان ، کاوە گەرمیان، عەبدولستار تایەر) کرده‌وه‌.

 سەرلەبانی ئەمرۆش کاتژمێر دە لەسەر گوڵکۆی سۆرانی مامە حەمە لە چەمچەماڵ مەراسیمێکی وتارخوێندنەوە بەئامادەبوونی خانه‌واده‌ی شه‌هید  ژمارەیەک رۆژنامەنوس‌و کەسایەتی سیاسی بەرێوەچوو.



PM:06:03:21/07/2015