بەرپرسانی تورکیا لەم رێکخراوەی پەکەکە دەترسن

ماوەیەکە بەرپرسانی تورکیا ترسی خۆیان لە هەڵوەشانەوەی تورکیا ناشارنەوەو لەو نێوەدا باس لە رێکخراوێكی نهێنی پەکەکە دەکەن کە لەناو شارەکانی باکوردان و نزیکەی ٦٠ گەنجن.

رۆژی ٧/٣ کەناڵی ( MC Tv) تورکی لە هەڤپەیڤینێکدا کە چەند کەسێکی بەرپرسی ئاکپارتی تێدا بەشداربوون لە باڵوێز و وەزیری پێشوو، ئاشکرایان کرد، " وڵات لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەدایە".

لە دوایین راپۆرتی (میت) دەزگای هەواڵگری تورکیا کە هاکان فیدان سەرپەرشتی دەکات، دەڵێت: پەکەکە بۆ شەڕی ناو شارەکان و شەڕی کۆلان بەکۆلان، هێزێكی بەناوی YDG H دورستکردووە کە ژمارەکەیان خۆی لە ٦٠ هەزار شەرڤان تێپەڕاندووە.
 لەناو پەکەکە دا بە ( تەڤگەری گەنجانی وڵات پارێز و شۆرشگێر) ناسراوە. 

لەو بەرنامەیەدا باڵوێزی پێشووی تورکیا لە عێراق و سوریا و میسر وتی" ئەوانە رۆڵیان هەبوو لە کوشتنی پیاوی ئەمن و پۆلیس لە سەرهەڵدانی کوردان لە شارەکانی باشوری رۆژهەڵاتی وڵات(باکوری کوردستان) کە بۆ کۆبانێ لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابوردوو ئەنجامدرا.

هەندێک سەرچاوەی نافەرمی ناو پەکەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەم هێزە سەرکردایەتی خۆی هەیەو، لەساڵی ١٩٨٧ لە قەندیل لەگەنجانی هەر چوار پارچەو دەرەوەی وڵات دروستبووە، بەڵام ئاشکرابوونی ئەم ‌هێزە زیاتر لەو کاتەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەرکەوت کە پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا لە نێوان و کوردو ئەکەپە دەستی پێکردوو، ئەو هێزە لە سەرجەم خۆپیشاندانەکانی شارەکانی باکور و هەندێک شاری تورکیادا وەک هێزێکی بەرگری میللی گەنجان دەرکەوتوون، بەتایبەتی لەخۆپیشاندانی شارەکانی باکور لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوبانێ و کۆمەکی ئاکپارتی بۆ داعش لەو هێرشانەدا.

لەم رۆژانەشدا سەرلەنوێ ئەو ‌هێزانە لە خۆپشاندانەکانی باکوردا دژی تەقینەوەکەی شاری پڕ سوس لە رۆحا کە ٣٢ گەنج بوونە قوربانی، بە ئاشکرا ئەو هێزە دەرکەوتن و ژمارەیەکی بەرچاویان چەکی قورس و سوکیان پێبوو کە زۆربەیان دەمووچاویان بە پەرۆی رەنگاورەنگ پێچابوو( بە پێچەوانەی چەکدرانی داعشەوە کە دەموچاویان بە رەش دەپۆشن)و لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین بنکەی هێزی پۆلیس و ئەمنیی تورکیان لە باکور کۆنترۆڵکردوو و سووتان.

YDG H  یان بە کوردی "تەڤگەری گەنجانی ووڵات پارێز و شۆرشگێر" کە ئێستا بۆتە جێگەی پرسیار لە گەنجانی تورک و کورد و لاز و چەرکەس و نەتەوەکانی دی ناو تورکیا پێکدێن، هەندێکجار وەک رێکخراوێکی سەربەخۆ و دوور لە پەکەکە دەردەکەون، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو پەکەکە بۆ ماڵپەڕی سپی پشتڕاستیکردەوە کە ئەو هێزە بەشێکن لە پەکەکە" بەڵام سەرکردایەتی خۆیان هەیەو هێزێکی تایبەتن".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی " تەڤگەری گەنجانی وڵات پارێز و شۆرشگێر، ئەو ڕیکخراوە زیاتر لە ٢٠ ڕێکخراو و بزووتنەوە لە کوردستان و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوین خۆی تێدا دەبیننەوەو خاوەن بۆچوونی تایبەت  خۆیان هەیە و لە زۆر پرسدا پێش کەجەکە ( سەرکردایەتی کورد لەباکور) موداخەلەی بابەتی رۆژ دەکات".



AM:10:18:23/07/2015