رێكخراوی سەردەشت عوسمان ئیدانەی ئەشكەنجەدانی هەڵسوڕاوێک لەدهۆك دەكات

پاش ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو هەڵسوڕاوی مەدەنی بەناوی عەباس بریفكی لەشاری دهۆك لەلایەن چەك كەسێكی نەناسراو رفێنرا‌و پاش لێدانێكی زۆر ئازاد دەكرێت، رێكخراوی سەردەشت عوسمان ئەم كردەوەیە مەحكوم دەكات‌و داوای دادگایی كردنی بكەرانی ئەم تاوانە دەكات.

دەقی بەیاننامەی رێكخراوی سەردەشت عوسمان:

دەست لەکاری مافیایی هەڵگرن ..!

راگەیاندنی رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لەئازادی ، سەبارەت بە رفاندن و ئەشکەنجەدانی عباس بریفکی لەدهۆک

لەکردەوەیەکی مافیایدا رۆژی هەینی ٢٤-٧-٢٠١٥ عباس بریفکی چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی لەنێو شاری دهۆک لەلایەن چەند چەتەیەک بە رۆژی رووناک و لەماڵەکەی خۆی دەهێندرێتە دەرەوە و دەرفێندرێت ،دوای ئازار ئەشکەنجەیەکی دڕندانە و وەحشانە لەکەنارێکی شاری دهۆک فڕێدەدرێتەوە ، بەگوتەی عباس خۆی ( رفێنەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو پۆست و قسە و هەڵوێستانە لەگەڵ کردوە کە لە فەیسبوک دەیکات و دەینوسێت و پێشوتریش چەند جارێک بانگی دەزگا ئەمنیەکان کراوە لەسەر قسەکانی ..)

ئەم کردەوەیە و دەیان کردەوەی تر نیشانیدەدات ، ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت ئۆزقاڵێک نزیکایەتی لەگەڵ حکومداری و دەسەڵاتی دامەزراوەیی نیە ،عەقڵی خێڵەکی و بنەماڵەی لەسەروی دادگا و یاسا و دەستور چاوی لێدەکرێت ، هەر کەسێک بەپێچەانەی عورف و عاداتی بنەماڵە و خێل رەفتار بکە دەبێت چاوەڕوانی هەمو جۆرە سزایەک بێت تا رادەی کوشتن و لەناوبردن . ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانیە هیچ دەسەڵات و دامودەزگایەک نیە خەلکی هانای بۆ بەرێت و حەق و مافەکانی لێوەرگرێتەوە ،حزب دەسەڵاتی هەمو دامەزراوەکانیتری پەک خستوە و دادگا و داواکاری گشتی و دەسەڵاتی قەزائی جگە لەشاردنەوە و پینەکردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانە هیچ ئەرک و کارێکیتری لەئەستۆ نەگرتوە . لەکاتێکدا دەسەلاتداران سەری زمان و بنی زمانیان ئارامی و مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسیە و دەیانەوێت لەدنیای دەرەوە خۆیان وەکو دەسەڵاتێکی ئازاد و مۆدێرن و کۆمەڵگایەکی پڕلەئەمنیەت نیشان بدەن، لەکاتێکدا رۆژانە کرداری لەم شێوەیە دەبینین و دەبیستین و ئەنجامدەرانیشیان وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و ئاشکرا ناکرێن .

خەڵکی کوردستان بەدەست دەیان کێشەی ئابوری و کۆمەلایەتیەوە دەناڵێنن ، نەبونی و برسیەتی و بێکاری و بێ ئاوی و بێ کارەبای و بێ سوتەمەنی و چەندین ئەزمەیتریان بۆ خەڵک دورست کردوە ، دەسەڵاتدارانی کوردستان گەنجان و لاوانیان دەرگیرکردوە لەگەڵ دەیان ئەزمە و قەیران و کێشەی جۆراو جۆر ،سەرەتاترین ئازادییە تایبەتیەکان لەژێر پرسیاردان ، کەچی تەنانەت رەخنە و قسەش بۆ خەڵکەکەی ڕەوا نابینن و وەڵامی بچوکترین نارەزایەتی لە وەزعیەتە کارەساتبارەی کوردستان بە رفاندن و ئەشکەنجەدان وەڵام دەدەنەوە ، تازەترین نمونەیان رفاندن و ئەشکەنجەدانی عباس بریفکیە .

سەلامەتی گیانی عباس بریفکانی لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی پارتیە و دەبێت بەزووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە قێزەوەنە چەتەیی و مافیایانە ئاشکرا و دادگای بکات، بەو پێیەی تەواوی دامودەزگا ئەمنیەکانی ئەو دەڤەرە لەژێر دەسەڵاتی ئەو پارتەیە و ئەگەر مەبەستی بێت زۆر بەئاسانی و بەزوویی دەتوانێت بیان دۆزێتەوە و ئاشکرایان بکات .

ئێمە لەرێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لەئازادی ،وێڕای ئیدانە کردن و شەرمەزارکردنی رفاندن و ئەشکەنجەدانی عباس بریفکی ، هەمو هەوڵێکی خۆمان لە ناوەوە و دەرەوەت وڵات دەخەینەگەڕ تاکو ڕای گشتی و نێودەوڵەتی لەم جۆرە کارو کردەوەیە نامرۆڤانە ئاگاداربکەینەوە و دەسەڵاتدارانی کوردستان ناچار بکەین ئەگەر دەستیان نیە لەم جۆرە کردەوە وەحشیانە کە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجامدەدرێت با ئەنجامدەرانیان ئاشکرا بکەن و بیاندەنە دادگا .

 رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆداکۆکی لەئازادی

٢٥-٧-٢٠١٥  



PM:01:50:25/07/2015