مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی سه‌باره‌ت به‌هێرشه‌کانی توررکیا بۆ سه‌ر باره‌گاکانی په‌که‌که، داوا له‌و وڵاته ده‌کات هێرشه‌کانی رابگریت.
یه‌کێتی پێیوایه راگرتنی هێرشه‌كانی توركیا، ده‌ستبه‌جێ، به‌ره‌ی دژه تیرۆر، به‌هێز ده‌كات. له‌هه‌مانكاتدا، داوا له(pkk)یش ده‌كه‌ن، پشووی شۆڕشگێڕانه‌یان درێژ بكه‌ن و به‌رامبه‌ر كاری ناڕاست، كاردانه‌وه‌ی ناوه‌خت نه‌نوێنن.
ئه‌وان پێیانوایه "به‌رپرسیارێتی ئاك پارتیشه، ده‌رفه‌ت نه‌دات، دوژمنانی ئاشتی له‌ناو توركیا‌و ناوچه‌كه‌دا، مه‌رامه‌كانیان به‌دیبهێنن".
ده‌قی راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
سه‌باره‌ت به‌هێرشی ئاسمانی توركیا
جه‌ماوه‌ری كۆڵنه‌ده‌ری كوردستان!
جه‌ماوه‌ری دڵسۆز!
شه‌وی (24\25/7/2015) به‌پێی نه‌خشه‌یه‌كی پێشتر داڕێژراو، كه ماوه‌یه‌كه مه‌ترسی ئاوها له‌ئارادایه، هێزی ئاسمانی توركیا، سنوری ئاسمانی عیراق و كوردستانی به‌زاندو بۆردومانی هه‌ندێ ناوچه‌ی كرد، كه هێزه‌كانی (pkk)وخه‌ڵكێكی مه‌ده‌نی زۆریشی لێیه؛ ئه‌مه له‌كاتێكدایه (3) ساڵه، گفتوگۆی فه‌رمی هه‌یه. له‌ساڵی (1993)یشه‌وه، یه‌كه‌مین ئاگربه‌ست له‌سه‌ر داوای خوالێخۆشبوو سه‌رۆكی ئه‌وسای توركیا (تورگت ئۆزال)و به‌ناوبژی جه‌نابی مام جه‌لال، راگه‌یه‌ندرا. واتا (22) ساڵه، به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر، شه‌ڕ راده‌گیرێ و گفتوگۆ به‌نهێنی له‌برۆكسل ده‌كرێ.
كاتێك، كلیلی چاره‌سه‌ری سیاسی لای ده‌وڵه‌تی توركیا بێ وده‌وڵه‌ته‌كه‌ش، چه‌ندین هه‌ڵبژاردن و حكومه‌تی تیا ده‌ستاوده‌ست كرابێ، له‌چوار خولی هه‌ڵبژاردنیشدا، (ئاكه‌په) له‌هه‌ڵبژاردندا براوه‌بێت، دانوستاندن هه‌نگاوێك نه‌برابێته پێش، بێگومان دۆخی سیاسی و عه‌سكه‌ری له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ره‌كانی ته‌قینه‌وه‌دا، ده‌هێڵێته‌وه. به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌یه‌كی پڕاوپڕ له‌جه‌نگ و پیلان و كێشه‌ی كۆن و نوێ.
به‌داخه‌وه، دۆخه‌كه، له‌باتی ئه‌وه‌ی لایه‌نی جیهانی و ئیقلیمی و هێزه‌كانی رزگاریخواز، له‌سه‌نگه‌ری دژی داعش و تیرۆریستان كۆبكاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه، سه‌ره‌تای لێكترازانی ئه‌و ئارامی و دانوستانه‌ش، خه‌ریكه تێكده‌چێ، كه ساڵه‌ها بونیات نراوه.
جه‌ماوه‌ری ئازادیخواز!
یه‌كێتیی، له‌په‌رۆشی خۆیه‌وه بۆ ئاشتی و ئارامی، وه‌كو هه‌میشه، داوا له‌توركیا ده‌كات كه هێرشه‌كانی له‌سه‌ر كوردستان رابگرێ، چونكه، گه‌له‌كه‌مان و هێزی پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلاو شه‌ڕه‌ڤانانیش، له‌شه‌ڕێكی سه‌ختدان دژی داعش ، بردنه‌وه‌ی شه‌ڕیش دژی داعش، به‌رپرسیارێتییه‌كی چاره‌نوسسازتره له‌كێشه‌ی لابه‌لای نه‌خوازراو، كه له‌م هه‌فته‌یه‌دا، روویداوه. بۆیه، راگرتنی هێرشه‌كانی توركیا، ده‌ستبه‌جێ، به‌ره‌ی دژه تیرۆر، به‌هێز ده‌كات. له‌هه‌مانكاتدا، داوا له(pkk)یش ده‌كه‌ین، پشووی شۆڕشگێڕانه‌یان درێژ بكه‌ن و به‌رامبه‌ر كاری ناڕاست، كاردانه‌وه‌ی ناوه‌خت نه‌نوێنن. هه‌روه‌ها، به‌رپرسیارێتی ئاك پارتیشه، ده‌رفه‌ت نه‌دات، دوژمنانی ئاشتی له‌ناو توركیا‌و ناوچه‌كه‌دا، مه‌رامه‌كانیان به‌دیبهێنن.
داواش له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و حكومه‌تی كوردستان ده‌كه‌ین، هه‌رچی پێیانده‌كرێ، هێرشه‌كان راگیرێ و به‌شداری كارا له‌چاره‌سه‌ر بكات، هه‌نگاوی خێرا هه‌ڵبگرن. له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تیش، حكومه‌تی بنكه فراوانه، بۆیه، به‌پێویستی ده‌زانین، كۆبوونه‌وه‌ی باڵای ته‌واوی هێزه سیاسییه‌كان، به‌زوترین كات بكرێ، هه‌تا هه‌موو لایه‌ك، به‌شداری راسته‌قینه له‌چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ین.
له‌م كاته‌شدا، زۆر گرنگه وڵاتانی رۆژئاوا‌و یه‌كێتیی ئۆرۆپا، رۆڵێكی كاریگه‌ر، له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌و كێشه سیاسییه‌كاندا، بگێڕن. ته‌نها ئه‌م رێگایه‌ش، ده‌سته‌به‌ری به‌هێزكردنی شه‌ڕی دژه تیرۆر ده‌كات. پێچه‌وانه‌كه‌ی، ئاساییشی ناوچه‌كه‌و، وڵاتان تێكده‌دات و داعش و هێزه تیرۆریستیه‌كانیش، ته‌مه‌ن درێژ‌و دڕتر ده‌كات.
راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
(25/7/2015)