"نه‌وشیروان مسته‌فا سەردانی یه‌كێتی‌ دەكات"

بڕیارە سبەینێ هەر دوو وەفدی یەكێتی‌و گۆڕان كۆببنەوە‌و وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتش دەڵێت نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەرپەرشتی وەفدەكەیان دەكات.

عیماد ئه‌حمه‌د وته‌بێژی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ NNA ڕاگه‌یاند، بۆ درێژه‌ پێدان به‌گفتوگۆكانی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌باره‌ی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌ستور، بڕیاره‌ سه‌بینێ شاندێكی‌ باڵای بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ (نه‌وشیروان مسته‌فا) ڕێكخه‌ری‌ گشتی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ سه‌ردانی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بكات.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، له‌كۆبونه‌وه‌كان چه‌ند پرسێكی‌ تر تاوتوێده‌كرێت.
بەپێی زانیارییەكان ئه‌مڕۆ شاندێكی‌ باڵای یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان سه‌ردانی‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ كرد له‌سلێمانی، بڕیاره‌ سبه‌ینێ له‌هه‌ولێر له‌گه‌ڵ شاندێكی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنه‌وه‌.

له‌دوای‌ جیابونه‌وه‌یان له‌یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و دوای‌ حه‌وت ساڵ له‌دوركه‌وتنه‌وه‌ی له‌و حزبه‌، بڕیاره‌ سبه‌ینێ بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای‌ دروستكردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا سه‌ردانی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بكات.



PM:05:21:27/07/2015