یەکگرتووی ئیسلامی واژووی راپۆرتەکە دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کە ماوەی هەفتەیەکە لەسەر داوای ئەوان دەرفەت دەدرێت بە پارتی بۆ سازدان، ئەمڕۆ واژووی راپۆرتی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دەکات لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەرلەمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند " ئەبو بەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی ئەمڕۆ واژوو لەسەر راپۆرتەکەی لیژنەی یاسایی دەکات لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و بەمەش پرسەکە دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و، هەنگاوی داهاتوو دانانی وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبێت".

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ماوەی دوو هەفتەیە سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتێکە لەسەر چوار پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئەو لیژنەیە بەمەبەستی سازدان لەدەرەوەی پەرلەمان زیاتر لە هەفتەیەک کات درایەوە بە لایەنەکان، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک، پێتشریش لە دوا کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ٦/٢٣ کاتێکی زۆر لەبەردەم لایەنە سیاسیەکاندا هەبوو بۆ سازدان، بەڵام هیچ رێککەوتن و سازدانێک ئەنجام نەدرا.

لیژنەی یاسای پەرلەمان لە ١١ کەس پێکهاتووە، سەرۆک و چوار ئەندامی سەر بەپارتی و هاوپەیمانەکانیەتی، شەش ئەندامیشی سەر بە گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامین. 

ئێستا راپۆرتی لیژنەکە ئامادەیەو کاتژمێر ١١ ی پێشنوەرۆ ئیمزا دەکرێت.  



AM:10:13:06/08/2015