سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكانی عەبادی راگەیاند

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە بڕیارەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند.


لێدوانێك لە گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

سەبارەت بە داواكاریی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بۆ دەستپێكردنی پڕۆسەی چاكسازی لە دامودەزگا كارگێڕی و میرییەكان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پشتگیری هەموو هەنگاوێك دەكات كە بە ئاراستەی چاكسازی و نەهێشتنی كەموكوڕییەكان لە دامودەزگاكانی دەوڵەت دەنرێت.

 بۆ ئەوەی پڕۆسەی چاكسازی سەركەوتوو بێت پێویستە ئەم پڕۆسەیە ڕەچاوی ئیستحقاقات و بەشداریی هەرێمی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ڕەچاوی نوێنەرایەتیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراقیش بكات و كاریگەریی لەسەریان نەبێت. هەروەها لە چوارچێوەی دەستوور و سیاقی ئیداریشدا ئەنجام بدرێت.

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

9ـی 8ـی 2015



PM:04:54:09/08/2015