عیماد ئەحمەد بۆ سپی: پرۆژەکەی د.بەرهەم بەدیلی پرۆژەکەی پەرلەمانمان نییە

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، عیماد ئەحمەد رایگەیاند: پرۆژەکەی د. بەرهەم ساڵح کە ئەمڕۆ لەلایەن مەکتەبی سیاسیەوە پەسەند کرا، بەدیلی پرۆژەکەی پەرلەمانمان نییە.

لە لێدوانێکی تایبەیدا بۆ سپی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، عیماد ئەحمەد رایگەیاند : پرۆژەکەی د. بەرهەم ساڵح کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەسەند کرا، پرۆژەیەک نییە تەنها تایبەت بێت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتی بۆ چارەسەرکرنی قەیرانی حوکم و ئەو هەموو کێشانەی لە کوردستاندا هەیە.

وتەبێژی مەکتەبی سیاسی ئەوەی روونکردنەوە کە پرۆژەکەی د. بەرهەم ساڵح بەدیل نییە بۆ پرۆژەکەی پەرلەمانمان، پرۆژەکەی پەرلەمان رێچکەی یاسایی خۆی وەرگرتووە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژەیە بۆ سازدانە هەموو لایەنەکانە لەسەر سەرجەم ئەو قەیرانانەی لە هەرێمدا هەیە.

هاوکات لە کاتی کۆبوونەوەکەدا لە لێدوانێکیدا بۆ سپی، بەرپرسی میدیاکانی گۆڕان، رەزاق شەریف رایگەیاند : جگە لەو پرۆژەیەی لەسەرۆکایەتی پەرلەمانە پشتگیری هیچ پرۆژەیەک ناکەین.

ئەمڕۆ ٨/١١مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو پرۆژەیەی پەسەند کرد کە لەلایەن جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی د. بەرهەم ساڵحەوە ئامادەکراوە، بەناونیشانی " بەرەو چارەسەرێکی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوکمڕانی لە کوردستاندا" پرۆژەکە ئاماژە بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێكی باڵا لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان و لایەنە بەشداربووەکان دەکات، بۆ ئیدارەکردنی دۆسیەکانی ئەمنی قەومی و مافی چارەی خۆنووسین و پەیوەندی لەگەڵ بەغداو پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. بەپێی پرۆژەکە بەبێ ناوهێنانی ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بۆ دوو ساڵی تر درێژ دەکرێتەوە.

   



PM:03:52:11/08/2015