بەرپرسی لقی 4ی پارتی: كەسایەتی نەوشیروان مستەفا لەسنوری سلێمانی دەرناچێت

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی سەبارەت بە نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: نەوشیروان مستەفا ‌كەسایەتییەكی لۆكاڵییە و لە سنووری شاری سلێمانی دەرناچێت.

سەعید سەلیم پشدەری، بەرپرسی لقی 4ی پارتی لە سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی راگەیاند: نەوشیروان مستەفا تا دوێنی لەناو خودی حزبەكەی خۆی دژایەتیی (مام جەلال)ـی دەكرد، ئەمڕۆیش کەوتووەتەوە دژایەتیی (سەرۆك بارزانی) و، هەڵبەت هیچ پەندێكیشی لە مێژوو وەرنەگرتووە،‌ هەر كاتێكیش دەرفەتی بێ بتوانێ خەونەكەی خۆی بە دی بێنێ، هەموو شتێك دەكاتە قوربانی لە پێناویدا.  

هەروەها دەڵێت: نەوشیروان مستەفا ئیستغلالی هەموو ئەوانەی كردووە، هەم پرۆسەی دیموكراسی هەم نیەتی پارتی بۆ سازشكردن لەسەر پرسە حزبییەكانی خۆی، بۆیە دەیەوێ جارێكی دیكە لە رەمزەكان بداتەوە و ئەو نیەتەی كە ساڵەهای ساڵە خەباتی لە پێناودا دەكات جارێكی تر بیكولێنێتەوە. سەیرەكەیش ئەوەیە هەموو ئینسانە ئاقڵمەندەكان، كەسایەتییە سیاسییەكان پەند لە مێژوو و رابردوو وەردەگرن، بەڵام بەداخەوە دیارە رابردوو و مێژوو  هیچ پەندێكی بۆ ئەو درووست نەكردووە،‌ هەر كاتێك ئەو دەرفەتی بێ بتوانێ خەونەكەی خۆی بەدی بێنێ، بێباكانە كاری لە پێناو دەكات و، بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە و نیشتمان و قۆناخە هەستیارەكەی ئێستا و دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان، هەموو ئەوانە دەكاتە قوربانی لە پێناو خەونەكەی خۆیدا".



PM:03:38:16/08/2015