یەكگرتوو هەڵویستی خۆی راگەیاند.."سێ لایەنەكە دەیانەوێت ئێمە بچوك بكەنەوە"

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند ئۆباڵی ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان لەئەستۆی پارتییە. وتیشی: یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ دەیانەوێت یەكگرتوو بچوك بكەنەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوە كرد ئەوان لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیدا، وتیشی: بەڵام ئێستا ئەمەریكییەكان، نەتەوە یەكگرتوەكان‌و هەر پێنج حیزبەكە لەگەڵ ئەوەدان كۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان بۆ رۆژی یەكشەممە دوابخرێت‌و ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین دوابخرێت.

وتیشی: رەخنەی توندمان لە هەر چوار لایەنی یەكێتی‌و پارتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ هەیە كە "ئەوان دەیانەوێت یەكگرتوو بچوك بكەنەوە".
هەڵەدنی وتیشی: با پەرلەمان كۆبوونەوەی ئەمرۆ تا یەكشەممە دوابخات، رۆژی یەكشەممە ئەگەر سازان كرا یان نا كۆبوونەوە هەر دەگرین. وتیشی: ئامادەین لەكۆبوونەوەی ئەمرۆش بەشداری بكەین.

ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئۆباڵی دۆخەكەی ئێستا خستە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و رخنەی ئەوەشی لە فراكسیۆنی پارتی كرد كە ئەوان دەیانتوانی لە هۆڵی پەرلەمان واژۆ بۆ دواخستنی كۆبوونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان بكەن.



PM:12:12:19/08/2015