وابڕیارە جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رۆژی هەینی ٨/٢١ لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم کۆببنەوە.
سەرچاوەیەکی لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی راگەیاند" رۆژی ٨/٢١ جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم کۆدەبنەوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد وەفدی دانووستانکاری گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم، باسی چۆنێتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵیەکانیان بۆ دەکەن و ئاشکرای دەکەن کە گەیشتوونەتە چ ئاستێکی و رای پارتی و حیزبەکانی تر چۆنە.
جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە ژمارەیان ٤٥ ئەندامە لە ٥/١٢ەوە کۆنەبۆتەوەو بەپێی پەیڕەوی بزووتنەوەی گۆڕان هەر سێ مانگ جارێک دەبێت کۆببنەوە.
کۆبوونەوەی هەینی جڤاتی گشتیش کە ژمارەیان ٦٥ ئەندامە و تەشاوەریەو شوێنی بڕیاردان نییە و دواتر دەچێتە جڤاتی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی بڕیاردان.
ئەم کۆبوونەوە هاوبەشە لە کاتێکدا سازدەکرێت، گفتوگۆی پرسی سەرۆکی هەرێم بابەتی سەرەکی سیاسی و یاسایی ئەمڕۆی کوردستانە.