یەكگرتوو: ئەو دەستە ڕەشانە ڕسوا دەكەین كە كەرامەتی مرۆڤەكان دەشكێنن

فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا هێرش كردنەسەر رۆژنامەنوس (مصعب عبدالعزیز) مەحكوم دەكەن‌و دەنوسن:  بە شەمشەمەكوێرەكانی تاریكی دەڵێین ئەم كارە قێزەونانە نەك ڕاگەیاندنكارە سەربڵندەكانی یەكگرتوو سارد ناكاتەوە بەڵكو گەرم تر و سوورتریان دەكات.

دەقی راگەیەنراوەكە:

ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕووداوی شەوی ڕابردوو كە لە هەولێر هێرش كرایە سەر ڕۆژنامەنوس و بێژەری كەناڵی ئاسمانی سپێدە (مصعب عبدالعزیز ) مەحكوم و ئیدانە دەكەین و ئەو دەستە ڕەشانە ڕسوا دەكەین كە كەرامەتی مرۆڤەكان دەشكێنن و ئازادی ڕادەربڕین سنوردار دەكەن و لەبەرامبەر ووشە و دیالۆگدا پەنا بۆ شێوازی نا دیموكراسی و نا شارستانی دەبەن .

وێڕای هاوسۆزی وپشتیوانیمان بۆ كاكە (مصعب) بە شەمشەمەكوێرەكانی تاریكی دەڵێین ئەم كارە قێزەونانە نەك ڕاگەیاندنكارە سەربڵندەكانی یەكگرتوو سارد ناكاتەوە بەڵكو گەرم تر و سوورتریان دەكات لەسەر گەیاندنی پەیامی ڕاستی و حەق بێژی و بەرگری كردن لەئازادی وگەیاندنی زانیارییەكان بە هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان .

هەروەك داواكارین لە دەزگاكانی ئاسایش وپۆلیس كە چاوكراوەتر بن بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و دۆزینەوەی تۆمەتباران وڕادەست كردنیان بە عەداڵەت ویاسا .

فراكسیۆنی یەكگرتوو

لە پەرلەمانی كوردستان

25/8/2015



PM:04:29:25/08/2015