وەستا رەسوڵ: 250 كم چوارگۆشە‌و 14 گوندمان لەداعش پاك كردەوە

بەرپرسی میحوەری باشوری كەركوكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان راگەیاند: ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە بە پانتایی 250 كیلۆمەتری چوارگۆشە‌و 14 گوندیان لە باشوری كەركوك لەچەكدارانی داعش پاك كردەوە.

وەستا رەسوڵ، بەرپرسی میحوەری باشوری كەركوكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سپی راگەیاند: ئەمرۆ هێزی پێشمەرگە سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد‌و لەماوەیەكی چەند كاتژمێرێكدا ئەو ژمارە زۆرەی گوند‌و زەوییەمان لەچەكدارانی تیرۆریستی داعش پاك كردەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە ئێستا چەكدارانی داعش 30 كیلۆمەتر لە رێگای كەركوك = بەغدا دوور كەوتوونەتەوە كە پێشتر ناوبەناو چەكدارانی ئەو گروپە تیرۆریستییە بە چەكی قورس بۆردومانی شارۆچكەی داقۆق‌و هەندێ شوێنی دیكەیان دەكرد، بەڵام ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو دوور خراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەكرد كە لاشەی 17 كوژراوی داعش لەبەردەست پێشمەرگەدایە‌و زیانێكی زۆری گیانی‌و مادی بە چەكدارانی داعش گەیشتووە بەهۆی بۆردومانی هێزی پێشمەرگە فرۆكە هاوپەیمانەكانەوە، كە تا ئێستا بەدیاریكراوی ژمارەكەی نەزانراوە.

كاتژمێر 6ی بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە هێزی پێشمەرگە لە سێ میحوەرەوە لەباشوری كەركوك هێرشێكی بەرفراوانی كردەسەر چەكدارانی داعش‌و لەماوەیەكی دیاریكراودا بە پێی ئەو پلانەی دانرابو هەموو ئەو شوێنانە ئازاد كران كە دەستنیشان كرابوون.

بەپێی زانیارییەكان سپی ئەو هێزانەی بەشداری هێرشی ئەمرۆی باشوری كەركوكیان كرد، جگە لەهێزی پێشمەرگە‌و دژە تیرۆر، هێزی بەرگریی فریاكەوتنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ‌و چەندین هێزی تری ئەمنی هەرێم بەشدارییان كرد.



PM:04:11:26/08/2015