سپی چەند نهێنیەکی فرۆشتنی نەوتی هەرێم‌و دواکەوتنی مووچە بڵاودەکاتەوە

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی میدیا کەووتووە لەسەر پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهان و دواکەوتنی مووچەی مانگی حوزەیران، چەندین کێشەو پرسیاری گرنگ هەڵدەگرێت.

لەم مانگەدا کێشەیەکی گەورە لەسەر دوا کەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچە خۆرانی کوردستان هاتە ئاوارەو چەندین رۆژ میدیاکان پێوەی خەریک بوون، د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان دەیخستە سەرشانی وەزارەتی دارایی و ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە خودی وەزیری دارایی نەچۆتە تورکیا تا رێوشوێن و بەرپرسیارێتی حسابی بانکی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بگوازێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.

هەرچی وەزیری داراییە رێباز محەمەد حەملان، کەموکوڕییەکەی دەخستە ئۆباڵی د. ئاشتی هەورامی و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، کە ئەو بەرپرسە لەدواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، لە هەردوو حاڵەتەکەدا پاش دواکەوتن چەند هەفتەیە، لەپڕ وا ماوەی دوو هەفتەیە مووچەی مانگی حوزەیرانی ژمارەیەکی بەرچاو لەوەزارەت و دەستەکان دەدرێت کە ژمارەیان (٣٠ ) وەزارەت و دەستەیە، پێی زانیاریە سەرەتاییەکان زیاد لە ٣٠٠ سێ سەد ملیار دینارە، ئەم پارە گەورەیە چۆن هاتە کوردستان لەکاتێکدا ڕێباز محەمەد حەملان سەردانی تورکیای نەکرد؟

سەبارەت بەو زەرەرو زیانە مادیانەی لە ئەنجامی هێرشی گەریلاکانی پەکەکە لە ٧/٢٩ لە نزیک شاری جەزیرە لە باکوری کوردستان بە بۆری نەوتی کوردستان گەیشت، د.ئاشتی هەورامی بەپێی راگەیاندنێکی وەزارەتی ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ٥٠١ پێنج سەدو یەک ملیۆن دۆلار زەرەر لەکورد کەوتووەو زیاتر لەهەفتەیەک بۆرەیەک شکاوە، بەپێی زانیارییەکانی سپی، ئەو گرێبەستەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای ( بۆتاش )دا بەستوویەتی، کەپێی دەوترێت " گرێبەستە ٥٠ ساڵیەکە"، ئەرکی پاراستنی بۆری نەوتەکە لەهەر کەموکوڕیەکی هونەری و زیانگەیاند بەبۆریەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایە، پرسیار لەسەر ئەوەیە ئایا ئەم ٥٠١ ملیۆن دۆلارەی کە د. ئاشتی باسی دەکات لە کوێوە هاتووە، لەکاتێکدا بەپێی گرێبەستەکە چاککردنەوەی بۆریە نەوتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیای ( بۆتاش )؟

 بەپێی زانیارییەکانی سپی لە گرێبەستەکەدا ئەم کۆمپانیا تورکیە ( بۆتاش ) بۆ گواستنەوەی هەربەرمیلێک نەوتی هەرێم بەناو خاکی تورکیادا بڕی ٥ پێنج دۆلار وەردەگرێت، لەکاتێکدا بە ستانداری جیهانی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک ١ یەک دۆلار لە خراپترین حاڵەتدا بە ٢ دوو دۆلارە.
        
وەزیری سامانە سروشتییەکان کە دەڵێت ٥٠١ ملیۆن دۆلار بەهۆی هێرشی پەکەکەوە زەرەر لەهەرێم کەوتووە، ئەگەر واشبێت چۆن راستەوخۆ کاریگەری لەو پارەیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکات کە مانگانە دەنێردرێت بۆ هەرێم، لە کاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی سپی ١٥ گەنجینە (تەنکی) گەورەی نەوتی عێراق لە بەندەری جیهان هەیە کە ٩ تەنکی گەورەی عەمبارکردنی نەوت بۆ هەرێم دانراوەو چەند مانگە هەرێم نەوت کۆدەکاتەوە. پرسیارەکە لەوەدایە چۆن وا زوو ئەو زەرەرە ئەگەر راستیشبێت کاریگەری لەو ٨٥٠ ملیۆن دۆلارە کرد کە بەپێی گرێبەستێک هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای ( فیتۆڵ )دا هەیەتی و مانگانە ئەو کۆمپانیایە بڕی ٨٥٠ ملیۆن دۆلار لەبری فرۆشتنی نەوت دەخاتە سەر حسابی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان؟

ئەمە تەنها پرسیاری ئەم مانگەیە لەسەر وەزارەتی سامانە سورشتییەکان کە پێویستە د. ئاشتی وەڵامی بداتەوە، بۆ ئەوەی راستیەکان بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان ئاشکرا بێت کە کی بەرپرسە لە دواکەوتنی مووچەی مانگی حوزیران؟



PM:12:53:27/08/2015