ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم بەپێویست نازانم

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئارێز عەبدوڵا دەڵێت: ئێمە پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریمان ھەیە و ئەو (٣) دەسەڵاتانەش ھەموویان دەتوانن ئەرکەکانی خۆیان راپەڕێنن، جا ئەگەر سەرۆکایەتی ھەرێم ھەبێ یان نەبێ.

لە وتارێکدا بەناونیشانی "بەراست سەرۆکایەتی هەرێم پێویستە" پەرلەمانتاری عێراق ئارێز عەبدوڵا دەڵێت: من لە بنچینەدا دەزگای سەرۆکایەتی ھەرێم بە پێویست نازانم و بە تایبەت دوای ئەوەی کە وانیشاندرا ئەو دەزگایە تەنیاو تەنیا بۆ تاقە کەسێک داتاشراوە.

لە درێژەی نووسینەکەیدا ئارێز عەبدوڵا دەڵێت: دوو دەزگای جێبەجێکردن بە دەسەڵاتی زۆر و جیاوازەوە واتە سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت ئەگەر لەبەر ئەوە نەبێ ھەردوو دەزگاکە لە لایەن یەک پارت و یەک بنەماڵە بەڕێوە دەبرێن ئەوا کێشەکانی نێوان ئەو دوو دەزگایە خۆیان دەبنە قەیرانی ھەمیشەیی حوکمڕانی، بۆیە باشتر وایە لە جیاتی ئەو ھەموو بێنەو بەردەیە لەسەر چۆنیەتی دانانەوەی سەرۆکی ھەرێم یان شێوازی ھەڵبژاردنی بیر لەوە بکرێتەوە کە ئەو دەزگایە بەو ھەموو خەرجیە زۆرو بیرۆکراسیە و سەڵتەنەتە لە بنەرەتەوە لە کۆڵ خەڵکی کوردستان بکرێتەوە و کاک مسعودیش لە جیاتی سەرۆکی ھەرێم سەرۆکی حکومەت بێت.

 
  



AM:01:48:28/08/2015