لەشەڕێكدا لەگەڵ پێشمەرگەكانی دیموكرات چەندین پاسداری ئێران كوژران

پەلامارێكی هێزكانی سوپای پاسداران بۆ سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەناوچە سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان تێكشێنرا‌و چەندین پاسدار كوژران‌و برینداربوون.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دیموكراتی كوردستان ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە ئاوای "سیسێر"ی ناوچەی رەبەت لەنزیك شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی كوردستان هێزێكی زۆری سوپا‌و جاشی ئێران هێرشیان كردوەتەسەر هێزێكی پێشمەرگەی ئەو حیزبە، بەڵام پێشمەرگە لێیان دێتە دەست‌و پاش شەڕێكی قورس هێزەكانی سوپای پاسداران پاشەكشە دەكەن.

بە پێی هەواڵەكە پاش ئەم پاشەكشەیە هێزەكانی سوپای پاسداران، تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامی ئەو ناوچەیە تۆپباران دەكەن‌و زیانێكی زۆر بە رەز‌و باخی خەڵكی ناوچەكە دەگەیەنن.

لەوشەڕەدا ژمارەیەك پاسدار‌و جاش كوژراون كە تا ئێستا ژمارەیان ئاشكرا نەبووە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگەی دیموكرات هیچ زیانێكی گیانییان نەبووە.

بەپێی هەواڵەكەی شەوی رابردوو و ئەمرۆش تۆپخانەكانی ئێران كوێستانەكانی نێوان ناوچەكانی مەهاباد‌و رەبەت، بەتایبەتی بەرزاییەكانی كاوڵان، كوران، كانیە رەش‌و گوندەكانی دەوروبەریان بە توندی تۆپباران كردوە.



PM:01:36:02/09/2015