یەكگرتوو ئامادەی كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان نابێت

بڕیارە هەریەك لە یەكێتی‌و گۆڕان سبەینێ سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی بكەن، بەڵام یاریدەدەری بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی یەكگرتوو رایگەیاند ئەوان ناتوانن لەو رۆژەدا ئامادە بن.

بەمەبەستی كاراكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە هەریەكە لە یەكێتی و گۆڕان رایدەگەیەنن رۆژی پێنجشەممە سەردانی یەكگرتوو دەكەن ، یاریدەدەری بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی یەكگرتووش رایدەگەیەنێت: ئێمە ناتوانین لەو كاتەدا ئامادەبین .

زمناكۆ عەلی، یاریدەدەری بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕایگەیاند : ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین هەردوو لایەنی یەكێتی و گۆران لە كۆبونەوەكەیاندا وەرەقەیەكیان ئامادەكردوە لەسەر ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و قسەی خۆیان هەیە ،ئێمەش قسەی خۆمان هەیە لەهەمان كاتدا رێككەوتنی پێش وەختیشمان هەیە كە ئایا وەك لیستی خزمەت لەگەڵ برایانی كۆمەڵ وەڵامیان بدەینەوە یان نا.

دوێنێ 1/9/2015 لەبارەگای مەڵبەندی نۆی ڕێكخستنی شارەزووری یەكێتی كۆبونەوەی گۆڕان و یەكێتی بەرێوەچوو ، دواتریش لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: ڕۆژی پێنج شەممە لە گەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبنەوە .

یاریدەدەری بەرپرسی مەڵبەندی پێنجی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وتیشی: ئەو بڕیارەی كەدراوە بۆ كۆبونەوە ، ئێمە پێشتر ئاگادارنەكراوینەتەوە لێی و بڕیارێكی دوو لایەنە بوە، بۆیە ئێمە ناتوانین لەو ڕۆژەدا ئامادەبین و ئاگادارمان كردونەتەوە كە بۆمان ناكرێت .



PM:05:29:02/09/2015