یەکێتی: بە چ پاساوێک بازگەکانی نێوان هەولێرو سلێمانی زۆرو بەهێزکراون

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئارێز عەبدوڵا دەڵێت: دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی بە چ پاساوێک لەم ماوەیەدا بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی هەم زۆر هەم بەهێزکراون.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەژێر ناونیشانی " کاک نێچیرڤان بارزانی تکایە!" دەڵێت" ئەم وڵاتەی ئێمە بە چەندین قەیراندا رەت دەبێ و ئەگەر ئۆباڵی هەموو قەیرانەکانیش نا ، لانیکەم بەشێکیان لە ئەستۆی دەسەڵاتی نیشتمانی خۆمانن".

ناوبراو دەڵێت" دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی و دروستکردنی قەیرانی( سەرۆک) دیاردەیەک پەیدابووە کە نیگەرانی و دڵە راوکێی لای هاوڵاتیان درووستکردوە. من نازانم بە چ مەبەست و بە چ پاساوێک لەم ماوەیەدا بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی هەم زۆر هەم بەهێز کراون ؟ سەرەڕای ئەوەش هێزی پتر رەوانەی ئەو ڕەبایە و بنکە سەربازیانە کراوە کە کاتی خۆی بۆ شەڕی ناوخۆ دروست کراون !".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هێزە قارەمانەکانمانی پێشمەرگە بە هەموو بەشەکانیەوە ( لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ، یەکەکانی ٧٠ ، یەکەکانی ٨٠ ، دژەتیرۆر ، ئاسایش ،زێرەڤانی ، پۆلیس ...) هەر لە شەنگالەوە بگرە تا جەلەولا چ ڕۆڵێکی جوامێرانەیان نواندوە لە ڕووبەڕوو بونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) . بەڵام ئەوەی جێگای داخە خەریکە ئەو هێزە نیشتیمان پەروەرە بۆ مەبەستی هەڕەشە و چاو سورکردنەوەو قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکان بەکاردەهێنرێ".

ئارێز عەبدوڵا داوا لە لایەنە بەرپرسەکان دەکات زوو کاردانەوە خراپەکانی ئەو دیاردەیە لەبەرچاو بگرن و مەترسی و نیگەرانیەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تێبگەن.

ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی یەکێتی داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکات سنورێک بۆ ئەو کارە دابنێت و دەڵێت" برای بەڕێزم کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم بەزووترین کات سنورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت و بارودۆخەکە ئاسایی بکاتەوە" .



PM:11:01:04/09/2015