"مەلا بەختیار فیشەکی سێیەم بە جەستەی پڕۆژەکەی چوار لایەنەکەوە دەنێت"

توێژەرێکی سیاسی لەسەر وتارەکەی دوێنێی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاتە دەنگ و دەڵێت" مەلا بەختیار فیشەکی سێیەم بە جەستەی پڕۆژەی چوار لایەنەکەوە دەنێت".

سەبارەت بە وتارەکەی دوێنێی مەلا بەختیار، لێدوانێکیدا بۆ سپی د. شێرکۆ کرمانج کە خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە له‌ دیراساتی نێوده‌وڵه‌تی له‌ زانکۆی ساوس لە ئوسترالیا، وتی: ئەو وتارەی دوێنێی مەلا بەختیار بەناونیشانی " ٢٠٠٢ مام جەلال و مەسعود بارزانی رێککەوتن"، فیشەکی سێیەمە بە جەستەی پڕۆژەکەی چوار لایەنەکەوە دەنرێت".

د. شێرکۆ کرمانج جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەوەتەی پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١ ـەوە دەستیپێکردوە هیچ پڕۆسەیەکی سیاسیی بە قەد پڕۆژەکەی چوار حزبەکە (یەکێتیی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) یاسایی‌و پەرلەمانیی نەبووە، کە مەبەست لێی بەدامەزراوەیکردنی پڕۆسەی بڕیاردانە.

ئەو توێژەرە سیاسیە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی بارزانیش، دەڵێت" هیچ پڕۆسەیەکی سیاسیی لە کوردستان بە قەد درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بۆ جاری دووەم بۆ مەسعود بارزانی نایاسایی نییە، کە مەبەست لێی پێشێلکردنی یاساو بەلاڕێدابردنی پرسی دیموکراتیزەکردن‌ لەلایەک‌و دروستکردنی دیکتاتۆرە لەلاکەی دیکە".

د. شێرکۆ کرمانج ئاماژە بۆ ئەوە دەکات سەرەڕای ئەو راستیانە هەندێک کەس‌و لایەن لە خزمەت پڕۆسە نایاساییەکە فیشەک بە پڕۆسە سیاسییەکەوە دەنێن.

د. شێرکۆ کرمانج کە ئێستا مامۆستایە لە زانکۆی ئوتارا لە مالیزیا، دەڵێت" فیشەکی یەکەم بەرهەم‌ ساڵح‌ و کۆسرەت ڕەسول بە جەستەی پڕۆژەکەو پڕۆسەکەیانەوە نا، ئەویش بە پێشنیازکردنی پڕۆژەیەک لەکاتێکدا کە خۆیان هاوخاوەنی پڕۆژەکەی پەرلەمان‌و چوار حزبەکە بوون". 

ئەو دەڵێت" فیشەکی دووەم یەکگرتوی ئیسلامی بە جەستەی هەمان پڕۆژەو هەمان پڕۆسەیەوە نا، ئەویش بە شکستپێهێنانی دانیشتنەکەی پەرلەمان لە ١٩ ی ئابدا."

سەبارەت بە فیشەکی سێهەم ئەو توێژەرە دەڵێت" فیشەکی سێیەم مەلا بەختیار بە جەستەی هەمان پڕۆژەو پڕۆسەیەوە نا، ئەویش بە نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بۆ مەسعود بارزانی بۆ دوو ساڵی دیکە کە لەبابەتەکەدا دەرکەوتووە".

ناوبراو باس لەوە دەکات، لە وتارەدا کاتێک مەلا بەختیار باس لە دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم دەکات بۆ دوو ساڵی ئایندە" ئەمەش جۆرێکە لە نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بۆ مەسعود بارزانی، کە وەک گوتم نایاساییترین پڕۆسەی سیاسییە لەم هەرێمەو سەرچاوەی زۆربەی ئەو قەیرانانەیە کە هەرێم تێیکەوتوەو لە ئایندەشدا تێیدەکەوێ".

دوو رۆژ لەمەوبەر مەلابەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەكێتی لەروونکردنەوەیەکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند تاکە پرۆژەی یەکێتی ئەو پرۆژەیە لەگەڵ گۆڕان و یەکگرتوو ئیسلامی و کۆمەڵدا هەیەتی، کەچی دوێنێ لەوتاریکی نوێدا بەناونیشانی" ٢٠٠٢ مام جەلال و بارزانی رێککەوتن"، لەو وتارەدا داوا دەکات لەبەر خوێنی شەهیدان، بارزانی  دەستبەرداری هەندێک لەدەسەڵاتەکانی بێت. 



AM:10:28:09/09/2015