نرخی نێرگەلە لە سلێمانی دیاریكرا

قائیمقامیەتی سلێمانی، نرخی نێرگەلە لەسەرجەم کافتریاو شوێنە گشتیەکان دیاریده‌كات، نرخەکەشی چوار تاشەش هەزار دەبێت.

 سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری دیوانی چاودێری بازرگانی سلێمانی، له‌راگه‌یه‌ندراوێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردوه‌ دوای‌ ئەوەی‌ بە دواداچونیان بۆ نرخی نێرگەلە لە کافتریاکان و شوێنە گشتیەکاندا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە نێرگەلە تێچونێکی کەمی هەیەو لە بەرانبەردا نرخێکی زۆریشی هەیە.

رایگه‌یاند تێچوی نێرگەلەیەکی عادی دوو هەزار دینار و نێرگەلەیەکی سروشتی( فرێش) سێ هەزار دینارە، بۆ کەم کردنەوەی ئەو نرخە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەتەوە و نرخی نێرگەلەیان بەو شێوەیە دیاری کردووە کە نرخی هەر نێرگەلەیەکی عادی لە شوێنە گشتیەکان تەنیا چوار هەزار دینار و لە کافتریا چوار و پێنبج ئەستێرەییەکان پێنج هەزار دینار دەبێت.

وتی‌ "نرخی نێرگەلەی سروشتی (فرێش) لە شوێنە گشتیەکان پێنج هەزار دینار و لە کافتریا چوار و پێنج ئەستێرەییەکان شەش هەزار دینار دەبێت".

بەڕێوەبەری دیوانی چاودێری بازرگانی سلێمانی، جه‌ختده‌كاته‌وه‌ هەر کافتریایەک پابەند نەبێت بەو نرخە ڕووبەڕووی سزای یاسای دەبێتەوە.



PM:02:36:16/09/2015