فەرماندەیەكی باڵای یەكێتی دەچێتە ناو پارتییەوە

فەرماندەیەکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئێستا بڕیارە پۆستی سوپاسالاری عێراقی پێ بدرێت، بەفەرمی لەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان جیادەبێتەوە و پەیوەندی بە پارتی دیمورکراتی کوردستانەوە دەکات.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "باسنیوز"ی نزیك لە پارتی "فەریق ئەنوەر حەمە ئەمین” فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بڕیارە لەسەر پشکی پارتی بکرێتە سوپاسالاری عێراق لە شوێنی "بابەکر زێباری”کە پێشووتر ئەو پۆستەی هەبووە، لە کاتێکدا ئەو پۆستە پشکی کوردە و بەرپارتی دیمورکراتی کوردستان دەکەوێت، ناوبراو کادیرێک و فەرماندەیەکی باڵای یەکێتی بووە، بەڵام ئێستا بەفەرمی دەستی لەو حزبە کێشاوەتەوە و پەیوەندی بە پارتی دیمورکراتی کوردستانەوە کردووە.

 لەم بارەوە "فەریق جەمال محەممەد”، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند: چەند کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سوپاسالاری عێراق بەربژێرکراوون لەناو ئەوانەدا "ئەنوەر ئەحمە ئەمین” هەیە کە ئەو پۆستە بەرکورد دەکەوێت و لەناو حزیەکاندا بەرپارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێن.

ناوبراو یەکێک بووە لە فەرماندە باڵاکانی یەکێتی و لەسەر فەرمانی "جەلال تاڵەبانی” سەرۆککۆماری پێشووی عێراق نێردرابوو بۆ بەغدا و ماوەیەکی زۆر فەرماندەی سەربازی عێراق بووە و دواتر کراوەتە فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق.

تا ئێستا بە فەرمی لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هیچ لێدوانێك لەمبارەیەوە بڵاونەكراوەتەوە.



AM:10:47:23/09/2015