پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: بەرگریکردن لە قانع بنەماڵەچێتی پۆست مۆدێرنەیە

پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان سەردار عەبدوڵا لەسەر کۆمێنتەکەی مەریوانی وریا قانع دێتە دەنگ و دەڵێت" کەچی دەبێتە هەواڵی هەندێک میدیای دەروێش رەفتار.. ئەم رەفتارەش ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە".

لە وتارێکدا پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، سەردار عەبدوڵا، بەناوی " بنەماڵەچێتی پۆست مۆدێرنە" دەڵێت" دکتۆر مەریوان ئەم پۆستەی هێندە بە هەڵچونەوە نوسیوە، کە لە کۆی (١٥٥) وشەدا، حەوت جار وشەی (گەمژە)ی بەکارهێناوە".

هەروەها ناوبراو دەڵێت" بێ چەندوچون دژی هەمو جۆرە تەکفیرێکم، بەڵام دەپرسم: کامیان ترسناکترە، تەکفیری دێڕێک، یان شێواندنی وشیاری خەڵک لەرێگەی رەشکردن و بەشەیتانکردنی سەرلەبەری سیستەمی دیموکراسیەوە، کە دەبێتە مایەی ئەوەی هەمو ئەوانەی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم قسانەوە، راستەوخۆ بە رەهایی دیموکراسی رەت بکەنەوە؟ کە دیموکراسیشیان رەتکردەوە ئاشکرایە کە ئاڵتەرناتیڤەکەیان چی دەبێت".

سەردار عەبدوڵا کە وتارەکەی بەشی زۆر رەخنەیە لە کۆمێنتەکەی د. مەریوان قانع نەک د. عەبدول لەتیف سەلەفی، دەڵێت" هەڵبەتە سەبارەت بەم باسە قسە زۆرە بەڵام بە رونی دیارە کە عەقڵیەتی بنەماڵەچێتی لێرەدا سەر دەکات، ئەگینا قسەکانی ئەو چەند چرکەیەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەیە زۆر زۆر لەوە ترسناکترن کە پەلاماری باپیری کاک مەریوان درابێت".

ناوبراو کە تا ئێستا هیچی لەسەر تەکفیری نوسەران و شاعیران نەنوسیوە لەلایەن هەندێک ناوەندی ئیسلامیەوە، لەسەر بڵاوکردنەوەی کۆمێنتەکەی مەریوان قانع، وەک سەردار عەبدولآ دەڵێت" لەهەندێک میدیای دەروێشدا" ( کە ماڵپەری سپی یەكێکە لەو میدیایانە )، دەڵێت" ئەوەی لەمە سەیرترە ئەوەیە، کە لەکاتێکدا ئەم پۆستەی دکتۆر مەریوان، نەک هەر هیچ بەهایەکی هەواڵی تێدا نیە، بگرە هەڵچونێکی روتی کەسێکە لە بەرامبەر پەلاماردانی باپیری خۆیدا، کەچی دەبێتە هەواڵی هەندێک میدیای دەروێش رەفتار.. ئەم رەفتارەش ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە و دیار نیە هەتاکەی تەنانەت پەرچەجنێوێکی لەمجۆرە، دەبێتە هەواڵی هەندێک دەزگای میدیایی و خەڵکی پێ سەرقاڵ و چەواشە دەکرێت؟".



PM:11:57:28/09/2015