وەزارەتی پێشمەرگە: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەپێشمەرگە دراون درعن

دەزگایەكی گەورەی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، بەشێكی زۆر لەئۆتۆمبێلانەی بەناوی گولەنەبڕەوە دراون بەپێشمەرگە ستاندارد نین، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە ئەو زانیاریانە ڕەتدەكاتەوەو دەڵێت:"سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەپێشمەرگە دراون درعن".

لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆكایەتی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد، ئەمریكا ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ناردووەو سەرجەمیان درعن و ھیچ مەترسیەكیان بۆ پێشمەرگە نییە، "توانای بەرگریكردن و پاراستنی گیانی پێشمەرگەشیان ھەیە".

لە لێدوانێكیدا بۆ SNN ئەو بەرپرسەی پێشمەرەوتوشیەتی:"ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بۆمان ھاتوون و بەسەر ھێزەكانی پێشمەرگەدا دابەشمان كردوون، لەجۆرەكانی (ئیمراپ، باجەڕ، دینگۆ، لەگەڵ ژمارەیەك كاسیحەی مین) سەرجەم ئۆتۆمبێلەكانیش درعن و توانای تەقاندنەوە پوچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبە چێنراوانەیان ھەیە كە لەلایەن داعشەوە لەپارێزگاكانی عیراق و ھەرێمی كوردستان چێنراون".

لێدوانەكەی ناوبراو دوای ئەوە دێت كە تەلەفزیۆنی فۆكس نیوزی ئەمریكی لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، ٣٠ ئۆتۆمبێلی دژەمین و ئەو چەكە نیوە قورسانەی كە ئەمریكا ڕادەستی ھێزەكانی پێشمەرگەی كردووە، نەك ھەر گیانی كوردەكانی ھاوپەیمانی ئەمریكا لەبەرامبەر مین و چەكە نیوەقورسەكانی داعش ناپارێزێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەكارھێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە خۆی مەترسیەكی گەورەیەو جۆرێكە لەخۆكوژی، چونكە ھیچیان درع نین.

بەگوێرەی كەناڵە ئەمریكیەكە، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لەڕونكردنەوەیاندا سەبارەت بەھۆكاری ڕەوانەكردنی ئۆتۆمبێلی ناكارامەو نائەمنی بۆ عیراق وتوویانە:"ئەو پێداویستیە سەربازیانە لەژێرناوی جیھازاتی بەكارھێنراوو دەستی دووەم دراونەتە عیراق و ھەرێمی كوردستان و ئەمریكاش تەكنۆلۆژیای ئەو قەڵغانە ناخاتە بەردەست ھیچ یەك لەھاوپەیمانانی ئەمریكا".



PM:01:10:03/10/2015