هەوڵەكان بۆ یەكگرتنەوە سێ لایەنی كۆمەڵە چڕتر دەبێتەوە

هەوڵی سێ لایەنی كۆمەڵە بۆ یەكگرتنەوە چڕتر دەبێتەوە لەم پەیوەندییەشەدا سیمینارێكی سیاسی لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ كادر‌و ئەندامانی هەر سێ لایەنەكە بەرێوەچوو.

ماوەیەكە سێ لایەنی كۆمەڵە (رەوتی سوسیالیستی كۆمەڵە، هێڵی یەكگرتنەوە، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) گفتوگۆكانیان بۆ یەكگرتنەوە دەست پێكردوە‌و لەم پەیوەندییەشدا رۆژانی رۆژانی 3‌و 4ی ئەم مانگە، لەشاری كۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا سمینارێكی سیاسییان سەبارەت بە پرسی یەكگرتنەوەی ریزەكانی كۆمەڵە ساز كرد.

لەمبارەیەوە عەتا ناسرسەقزی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی‌و بەرپرسی پەیوەندییەكانی سلێمانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە سپی رایگەیاند: گفتوگۆكان سەبارەت بە یەكگرتنەوەی ئەو سێ لایەنەی كۆمەڵە لە قۆناغی كۆتاییدایە‌و هەر سێ لایەن رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ‌و بەرنامەیەكی سیاسییان ئامادە كردوە‌و لەداهاتوودا لەكۆنگرەیەكی هاوبەشی هەر سێ لایەن دەنگیان لەسەر دەدرێت.

وتیشی: هەر لەم پەیوەندەشدا هەر سێ لایەن بەنیازن چەندین سیمیناری سیاسی لە وڵاتانی ئەوروپا‌و سكاندناڤیا ساز بكەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە بتوانن ژمارەیەكی زیاتر لە تێكۆشەرانی دێرینی كۆمەڵە بەو یەكگرتنەوەیە پەیوەست بن‌و سەبارەت بە یەكڕیزی كۆمەڵە‌و كۆتایی هێنان بە پەرتەوازەیی بۆچوونەكان زیاتر لێك نزیك ببنەوە.

یەكگرتنەوەی كۆمەڵەكان لەكاتێكدایە كە هەوڵێكی هاوشێوە لەنێوان هەر دوو لایەنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و حیزبی دیموكراتی كوردستان لە ئارادایە.

دیموكراتەكان تا ئێستا چەند دانیشتنیان بووە‌و هەردوو لا چەندین پێشنیاریان بۆ یەكگرتنەوە خستوەتەڕوو.

ماوەی نزیكەی سێ دەیەیە كە حیزبەكانی رۆژهەڵات بنكە‌و بارەگا سەرەكییەكانیان لەباشوری كوردستاندایە‌و لەم ماوەیەدا چەندین لێكترازان بەسەر هەردوو كۆمەڵە‌و دیموكراتدا هاتووە.





AM:08:42:05/10/2015