"گۆڕان‌و چەند حیزبێك بە فیتی ئێران دژایەتی بارزانی دەكەن"

راوێژكارێكی بارزانی كە  ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە لە لێدوانێكدا دەڵێت: هیچكام لە جوامێرانی سەركردەی ئەو حیزبانە دژی شەخسی مەسعود بارزانی نین، بەڵكو ئەوان دژی خواست و ئامانجی بارزانین کە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردییە.

د. محەمەد ساڵح جومعە، راوێژكاری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەك لەگەڵ گۆڤاری گوڵان سەبارەت بە رۆڵ‌و پێگەی ئیسرائیل لەناوچەكە دەڵێت "ئیسرائیل هێزێكی ئیجگار گەورەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا، لە دیدی ئێرانەوە هیچ هێزێك نییە رووبەڕووی ئێران بیبَتەوە بێجگەلە ئیسرائیل، هەر بۆیە ئەو ئاڵۆزییەی ئێستە لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا لەسەر كۆمەلێك پرسی گرنگ بوونی هەیە، ئێران زۆر لێی دەترسێت، ئەمەش وای كردووە بەرپرسانی ئێرانی ئاماژە بەوە بكەن دەیانەوێت ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان نەهێڵن.”

راوێژكاری سەرۆكی پارتی جەخت دەكاتەوە كە: "زەمینەی داڕشتنەوەی نەخشەیەكی نوێ‌ دێتە ئاراوە و ئێستە ئەو نەخشەیە لە داڕشتن دایە، لەنێو داڕشتنەوەی ئەم نەخشە تازەیەشدا شەڕێكی قورس لە نێوان ئێران و سعوودیە، هەروەها ئێران و توركیا.”

لە وەڵامی پرسارێكدا لەبارەی پرسی كورد و دامەزرانی دەوڵەتی كوردستان د. محەمەدساڵح جومعە رایگەیاندووە: "بە درێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كورد هەتاس سەرهەڵدانی 1991، ئێمەی كورد هەڤاڵی دوژمنی حۆمان و دوژمنی دۆستی خۆمان بووین، بەلام لەدوای سەرهەڵدانی 1991 و كۆڕەوەكە و دامەزراندنی نەوای ئارام لە كوردستانی باشوور، ئیدی كورد لەوە دەرچوو موحتاجی داگیركرەانی كوردستان بێت.

هەر لە درێژەی ئەم پرسەدا جەخت دەكاتەوە، ئێستە بارودۆخەكە گۆڕاوە و 63 دەوڵەت پشتگیریی كوردستتان دەكات و هەر ئەوانیش دەخوازن دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت و لەسرووی هەموویانەوە ئەمریكا، بەریتانیا، كەنەدا، فەرەنسا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی یەكێتیی ئەورووپا هەموویان ئامادەن دان بە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا بنێن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكاندیا ئاماژە بە هەوڵی هەندێ‌ حیزب و لایەنی باشووری كوردستان بۆ لەباربردنی رەوش و دۆخەكە دەكات و دەڵێت: "هەوڵەكان ئاشكران هەر بۆ نموونە لە 23ی حوزەیراندا سەرۆكی پەرلەمان هەوڵی دا كوودەتایەك بكات و بینیشمان كێ‌ لەناو هۆڵی پەرلەمان دانیشتبوو، بەڵام ئەوە بوو لە 19ی ئابدا شكستیان هێنا، پەكەكە هەوڵی دا كانتۆنی شنگال رابگەیەنێت بەڵام بەم راگەیاندنە گەورەترین خزمەتی بە ئامانجی دەوڵەتی كوردستان كرد، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان دروست كرا.

هەر لە درێژەی ئەم باسەدا دەپەرژێتە سەر ئەو حیزب و لایەنانەی كە بە فیتی ئێران دژایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن و دەلێت: "هەموو كەس دەزانێت هیچكام لە جوامێرانی سەركردەی ئەو حیزبانە دژی شەخسی مەسعوود بارزانی نین، ئەوان قەت دژی مەسعوود بارزانی نەبوون، بەڵكوو ئەوان دژی خواست و ئامانجی مەسعوود بارزانین كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.”

لە درێژەی ئەم باسەدا باسی ئەوە دەكات: "ئێستە نە ئێران، نە توركیا و نە عێراق و نە سووریاش ناتوانن بە رێگەی هێز یان كۆبوونەوەی هاوبەش دژایەتیی دەوڵەتی كوردستان بكەن، بۆیە وەك دەبینین لەبەر ئەوەی مەسعوود بارزانی پشتگیریی تەواوی جیهانی بۆ راگەیەاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی مسۆگەر كردووە، ئێران پەنای بۆ دەستێوەردانی ناوخۆ و هاندانی حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بردووە، بۆ ئەوەی بەكاریان بهێنیت و دژی مەسعوود بارزانی رابوەستن. ئێستە لە جیهانی ئازاددا ئەگەر هەر لایەنێك بیەوێت پشتگیریی هەر لایەن و كەسێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕساتدا بكات، ئەوا پێش هەر كەسێك پشتگیریی مەسعوود بارزانی دەكات.”



PM:02:17:06/10/2015