یەکێتی نیشتیمانی پەیامێك ئاراستەی ئەندامەكانی خۆی دەكات

یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پەیامێک بۆ ئەندامان و رێکخستنەکانی حزبەیکەی دەنێرێت و لەو پەیامەدا داوا دەكات "پێویستە ئێوەش ڕۆڵی كاریگەرتان هەبێت بە ئاراستەی هێمنی شەقام".
لە پەیامەكەدا هاتووە،داواكارین هێزە ئەمنیەكان بەڕۆڵی كاریگەری خۆیان هەڵبستن و هێمنی و ئاسایشی تەواو بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.


دەقی رێنماییەکە:


بۆ سەرجەم هەڤاڵان و ئەندامانی و دۆستان و لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

ئەمڕۆ كوردستان لە دۆخێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، هاوڵاتیان بۆ داكۆكی لە مافە رەواكانیان بەشێوەیەكی مەدەنی و لەڕێی شەقامەوە داوای خواستەكانیان دەكەن، ئێمە وەك مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی لە تەواوی خواستە رەواكانیان دەكەین كە بە شێوازێكی هێمنانە و مەدەنیانە بێت، بۆیە پێویستە ئێوەش ڕۆڵی كاریگەرتان هەبێت بە ئاراستەی هێمنی شەقام، چونكە لەتوندوتیژیدا ڕەوایی داواكانی هاوڵاتیان وون دەبێت، بۆیە ڕایدەگەیەنین: پشتیوانیی خەباتی مەدەنیانەی هاوڵاتیانین لە شەقام، بەڵام دژی توندوتیژین بە هەموو جۆرەكانیەوە، دەركەوت توندوتیژی شەهیدبوون و برینداربوونی هاوڵاتیانی بەدوادا دێت، بۆیە داواكارین هەموو لایەك ئارامی بپارێزن و تەقەكردنیش وەكو سەرپێچیەكی گەورەی یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و تەقەكەرانیش ڕوبەڕوی یاسا بكرێنەوە.

داواكارین هێزە ئەمنیەكان بەڕۆڵی كاریگەری خۆیان هەڵبستن و هێمنی و ئاسایشی تەواو بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن.



PM:02:14:11/10/2015