وردەكاریی كۆبوونەوەی ئەمرۆی پارتی‌و یەكێتی بخوێنەرەوە

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان لە نوسینگەی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی لە هەولێر، لەبارەی چارەنووسی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی  كۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی كۆتاییهات.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا كە لەگەڵ مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دوای كۆبوونەوەكە سازیكرد، رایگەیاند " كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر شێوازی چارەسەركردنی قەیرانەكان". جەختیشیكردەوە كە نایانەوێت هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە دڵەڕاوكێدا بژین و نێوبانگی هەرێمی كوردستان بەچەند رۆژێك لەدەست بدەن.

سەبارەت بە مانگرتن و خۆپیشاندانەكان، سەعدی پیرە رایگەیاند " كوردستان رووبەڕووی زۆر قەیران بووەتەوە و ئەوانەش بەشێكن لە هۆكاری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان، هەروەها رێز لە خۆپیشاندانی مەدەنیانە دەگرین، بەڵام دەستدرێژیكردنە سەر دامودەزگاكان رەتدەكەینەوە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش ئایا باشووری كوردستان دەگەڕێتەوە سەردەمی دووئیدارەیی ؟ سەعدی پیرە گوتی "باسكردنی دووئیدارەیی لەئارادا نییە، بەلایەنی کەم یەکێتی دووئیدارەیی رەتدەکاتەوە و ئەو بابەتەش لای کەس باسنەکراوە، ئێمە و پارتی  پێكەوە لە شەڕداین و پێشمەرگەی هاوبەشمان هەیە ". لەبارەی چارەسەركردنی قەیرانەكانیش گوتی " دەبێت خوێنڕێژی رابگیرێت ئینجا كێشەكان چارەسەربكرێن، لە 25 ساڵی رابردووشدا كێشەی گەورە هەبوونە و چارەسەركراون، ئەم كێشەیەش وەكو ئەوان چارەسەردەكەین".

هاوكات مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆنگرەكەدا، لەبارەی خۆپیشاندانەكان و رێگریكردن لە د. یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و وەزیرەكانی گۆڕان رایگەیاند " ئێمە وەک پارتی پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەپشت ئەم رووداوانەوەیە و بۆ ئەوە بووە کە پارتی روبەڕووی جەماوەر بکرێتەوە، بۆ ئەوەش ئەم رەوشە درێژەنەکێشێت دەبوو هەندێک ئیجرائات بکرێن، تاوەكو گۆڕان تێبگات کە ناتوانێت هەندێک شت ئەنجامبدات".

لەبارەی كۆبوونەوەكەش ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند " لەم کۆبوونەوەیەدا تەنها باسی ئەو شتانە کراوە کە بۆ پارتی و یەکێتی گرنگ بوون و هەفتەی داهاتووش بەردەوامدەبێت". سەعدی پیرەش گوتی "لەم كۆبوونەوەیەدا باسی كێشەكانمان كرد و دیاریمان كردن، ئەگەر لە داهاتووشدا گەیشتینە ئەنجامێكی دیاریكراو پێتان دەڵێین".



PM:09:06:13/10/2015