پاش گەیشتنی چەكی ئەمەریكی بە پەیەدە، توركیا هەڕەشە دەكات

سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كاردانەوەیەكی تونددا بە پێدانی چەك بە پەیەدە لەلایەن ئەمەریكاوە رایگەیاند: ئەگەر ئەم چەكانە دژی توركیا بەكاربێن، توركیا شوێنی هێشتنەوەی ئەم چەكانە لەناو دەبات.

ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆك وەزیرانی توركیا لەكۆنگرەیەكی میدیاییدا نیگەرانی ئەنكەرەی لەو یارمەتییەی ئەمەریكا كە چەكی بە پارتی یەكێتی دیموكراتیك (پەیەدە) داوە، نیشاندا‌و راشكاوانە وتی ئەگەر ئەو چەكانە دژی توركیا بەكاربێن، ئەوا توركیا بەخێرایی دژی گەریلاكانی پەكەكە لەناوچە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات.

توركیا پەیەدە وەك حیزبێكی سەر بە پەكەكە ناو دەبات.

ئۆغڵو جەختی كردەوە ئەگەر چەك بە پەیەدە‌و پەكەكە بدرێت، توركیا دژی پەكەكە لە سنورەكانی هەرێم‌و دژی پەیەدەش لە رۆژئاوای كوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام دەدات.

میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە كە ئەمەریكا لە رێگەی ئاسمانەوە 50 تەن چەكی جۆراوجۆ لەوانەی موشەكی دژە فرۆكەی بۆ پەیەدە ناردوە تا لەشەڕ لەگەڵ داعش بەكاری بێنێت.



PM:03:24:14/10/2015