"٢ مانگ لەمەوبەر دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی رێکخەری گشتی کردووە"

دوای سەرهەڵدانی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و کۆبوونەوەی ٨/٢٣ پەرلەمانی کوردستان، لەکۆبوونەوەی جڤاتی گۆڕاندا دوو مانگ لەمەوبەر وەزیری پێشمەرگە، مستەفای سەید قادر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاراستەی رێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کراوە، بەڵام قبوڵ نەکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نزیک رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی راگەیاند" وەزیرەکانی گۆڕان هێندە خۆیان نەبەستۆتەوە بە پۆستەکانیانەوەو ئەوان چەندینجار داوای دەستلەکارکێشانەوەیان کردووە، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی پرسی سەرۆکایەتی و تەواوبوونی ولایەتی بارزانی، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەو داوایەی قبوڵ نەکردووە".

لەم ماوەیەی دواییدا کە بارزانی پێشوازی لە وەفدێکی ئەمەریکی و ئەوروپی دەکرد، مستەفای سەیدقادریش وەک وەزیری پێشمەرگە پێویستبوو ئامادەی کۆبوونەوەکان بێت، ئەمەش دەبووە مایەی تێبینی و رەخنە لەلایەن هەڵسووڕاوانی گۆڕان و میدیاکانەوە، ئەو سەرچاوەیەی سپی ئاماژەی بۆ کرد دوو مانگ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا مستەفای سەید قادر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ئاراستەی رێکخەرو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کردووە، بەڵام پەسەند نەکراوە.
ژمارەیەک لەهەڵوسووڕاوە دیارەکانی بزووتنەوەی گۆران، پێش درووستبوونی بزووتنەوەکە پۆستی باڵایان هەبووە لەناو یەکێتیدا، بەڵام کە گۆڕان دروستبوو، ئەو پۆستانەیان جێهشتوو پەیوەندیان کرد بە گۆڕانەوە کەئەو دەمە ئەوان لەئۆپۆزسیۆندا بوون.

 



PM:12:30:16/10/2015