پەرلەمانتارێك ژمارەی توشبوانی بە كۆلێرا لە شارەكانی هەرێم ئاشكرا دەكات

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندوە هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی كۆلێرا تۆمار نەكراوە، پەرلەمانتارێك ئاشكرایدەكات كە لە شارەكانی سلێمانی‌و هەولێر‌و دهۆك زیاتر لە 60 كەس توشی ئەم نەخۆشییە بوون.

ئاواز حەمید بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەو بەدواداچونانەی بۆ نەخۆشی کۆلێرا کردوویەتی، بۆی دەرکەوتووە لەشارەکانی ھەرێم ڕێژەیەکی زۆر لەھاوڵاتیان دوچاری ئەو نەخۆشیە بوون و حاڵەتەکانیش تۆمارکراون.

ئەوەشی ئاشکراکرد، ھەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی دۆخێکی خراپ بۆتەوە، چونکە وەکو ئەو پەرلەمانتارە وتی:"نەخۆشیەکە زۆر تەشەنەی کردووەو کۆنترۆڵکردن و بنبڕکردنیشی زەحمەتە".

ئەو پەرلەمانتارە گلەیی لەوەزارەتی تەندروستیش ھەیە، "چونکە بەفەرمی ھەبونی حاڵەتەکان و نەخۆشیەکەی ڕانەگەیاندووە، تا ھاوڵاتیان زیاتر ھۆشیاربن".

سەبارەت بەوەی تاچەند ئاماری دروستیان لەبەردەستدایە لەبارەی حاڵەتەکان لەسلێمانی، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت:"بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی  دەستمکەوتووە، لەشاری ھەولێر زیاتر لە ٢٠ حاڵەت، لەدھۆک ٢٢ حاڵەت و لەسلێمانیش بەھەمانشێوە نزیکەی ٢٢ حاڵەتی توشبوون بەکۆلێرا تۆمارکراون".

ئەو لێدوانەی لیژنەی تەندروستی پەرلەمان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لەسلێمانی دەنگۆی  گیانلەدەستدانی منداڵێک بەھۆی نەخۆشی کۆلێراوە بڵاوکراوەتەوە،  لەکاتێکدا تائێستا وەزارەتی تەندروستی بەفەرمی تۆمارکردنی حاڵەتی کۆلێرا لەسلێمانی ڕەتدەکاتەوە.



PM:04:19:19/10/2015