بەرپرسی میدیای گۆڕان هەواڵێکی رووداو لەسەر نەوشیروان مستەفا رەتدەکاتەوە

بەرپرسی میدیاکانی گۆڕان عەبدولرەزاق شەریف ئەو هەواڵەی ماڵپەڕی رووداو بەدرۆدەخاتەوە کە نەوشیروان مستەفا پەیامی بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی هەبووبێت.

عەبدولرەزاق شەریف بەرپرسی میدیای گۆڕان لە لێدوانێکیدا بۆ سپی رایگەیاند" ئەو هەواڵەی رووداو کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات نەوشیروان مستەفا پەیامی بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی هەبووە، دوورە لەراستیەوەو ئەسڵ و ئەساسی نییە و رێکخەری گشتی هیچ پەیامێکی نەبووەو ئەوە درۆیەکی شاخدارە".

ماڵپەڕی رووداو ئەمڕۆ لەمیانەی هەواڵێکیدا لەزاری هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بڵاویکردەوە کە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی هەبووە بۆ کۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی جڤاتی نیشتمانی گٶران و تیایدا هاتووە  "نه‌وشیروان وتویەیتی خۆتان هه‌ر بڕیارێك بده‌ن من له‌گه‌ڵتان ده‌بم، به‌ڵام پشت به‌مه‌سه‌له‌ی یاسایی‌و پاڵپشتی نێوده‌وڵه‌تی مه‌به‌ستن، چونكه‌ شت به‌یاسا ناكرێت، به‌ڵكو به‌ئه‌مری واقیع ده‌كرێت‌و لایه‌نی ده‌ره‌وه‌‌و نێوده‌وڵه‌تیش زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن".

عەبدولرەزاق شەریف سەرجەم هەواڵەکە بەدردەخاتەوەو دەڵێت" رووداو سەری زار و بنی زمانیان پرۆفیشناڵی و بێلایەنیە، بەڵام بەم هەواڵانەو چەندانی تریش بوونەتە بەشێکی لە دەزگای پڕوپاگەندەی حیزب".

ئەو بەرپرسە کە ئەندامی جڤاتی گۆڕانیشە دەڵێت" ئێمە نە داوای هیچ کۆبوونەوەیەکیمان لەپارتی نەکردووەو، ئامادەش نین لەژێر سەقفی پەرلەماندا نەبێت هیچ کۆبوونەوەیەک لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ پارتیدا بکەین".



PM:07:43:19/10/2015