مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەكاتەوە

راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەھەولێر ڕەتیدەکاتەوە ھیچ ڕێگرییەک لە سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کرابێت و لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

سەبارەت بەم لێدوانەی ھەڤاڵ رێباز بێرکۆتی سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز لەئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کە بۆ چەند کەناڵێکی راگەیاندنی داوە، گوایە رێگری لێکراوە بێتە ناو بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەھەولێر، ھیچ بنەمایەکی دروستی نییە، چونکە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەھەولێر ماڵی گەورەی ھەموو یەکێتیەکانەو کەس رێگری لێناکرێت، تەنانەت رۆژانە دەیان گەنج و لاوی ھەولێر بۆ پشتیوانیکردن و پەرۆشی و دڵسۆزیان بۆ رێبازی یەکێتیەکەیان سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.

ھەڤاڵ رێباز بێرکۆتی لەبارەگای مەکتەبی سیاسی ھیچ ئۆفیسێکی تایبەت بەخۆی نییە لەناو بارەگای(مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لەھەولێر تا دابخرێ، بۆ راییکردنی کارەکانی تایبەت بەفراکسیۆنی سەوز ئیدارەی مەکتەبی سیاسی ئۆفیسی یەکێک لەھەڤاڵەکانی مەکتەبی سیاسیی بۆ تەرخانکردووە.



PM:03:19:21/10/2015